ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە سوپای ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە بۆ یەکەم جار لە قۆناغی نوێی ململانێکاندا، بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران، بۆمبهاوێژی ستراتیژی بی1ی بەکارهێناوە.

بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی بی1 توانای هەڵگرتنی بۆمبی دوو هەزار پاوندی دژ بە بنکە ژێرزەمینییەکانیان هەیە. لە ماوەی شەڕی 39 ڕۆژەشدا ئەم جۆرە فڕۆکانە بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییە ژێرزەمینییەکانی کۆماری ئیسلامی بەکارهێنرابوون.

ئەکسیۆس دەڵێت بۆمبهاوێژی بی1 لە ئۆپەراسیۆنی ڕۆژی سێشەممەدا لە بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیا فڕیوە، بەڵام هێشتا دیار نییە کام ئامانجی لە ناو ئێران کردووەتە ئامانج.

هەروەها، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، بێ ئەوەی ئاماژە بە بەشداربوونی ئەم بۆمبهاوێژە ستراتیژییە بکات، وتوویەتی هێزەکانی ئەمەریکا ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، تواناکانی دەریایی، حەشارگەکانی فڕۆکە، دامەزراوەکانی هەڵگرتنی درۆن و ژێرخانی لۆجستیکی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی زیاتر توانای ئێران لە هەڕەشەکردن لەسەر هاتووچۆی کەشتیە بازرگانیەکان لە تەنگەی هورموز لاواز بکەن.

دونالد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە دواییدا هۆشداری دا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هێرشەکانی بەرامبەر کەشتییەکان بەردەوام بێت، دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانی لە چیای "کۆلەنگ" دەکرێنە ئامانج.