نەجەف – INA– حەیدەر فەرمان
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە پلانێکی ئەمنی و هەواڵگریی گشتگیریان بۆ دابینکردنی ئاسایشی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن گرتووەتە بەر؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگاکە بۆ ١٠ ناوچەی ئەمنی دابەشکراوە و چەندین ژووری ئۆپراسیۆن بە هاوبەشی لەگەڵ حەشدی شەعبی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراونەتەوە.
عەقید مفید سالم تاهیر، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "نەجەف دەروازەی سەرەکیی بەرەو کەربەلای پیرۆزە و وەک یەکەم وێستگەی دەستپێکردنی مەراسیمی چلە و کۆتا وێستگەی مەراسیمەکانی کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) دادەنرێت."
باسی لەوەش کرد کە پلانە ئەمنییەکە لەسەر بنەمایەکی هەواڵگریی بەهێز داڕێژراوە و تێیدا جەخت لەسەر کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکان و پشتبەستنی زیاتر بە هەوڵە هەواڵگری و مەدەنی و ڕێکخستنەکان کراوەتەوە.
گوتەبێژەکەی پۆلیس ڕوونیکردەوە کە لەژێر سەرپەرشتی لیوا محەمەد جابر فەتلاوی، فەرماندەی پۆلیسی نەجەف، پارێزگاکە بۆ ١٠ ناوچەی ئەمنی دابەشکراوە بۆ پاراستنی گیانی سەردانیکەران، بەتایبەت لە ناوچەکانی مەزارگەی ئیمام عەلی (س) و شاری کووفە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ژوورە ئۆپراسیۆنەکان نوێنەری حکومەتی ناوخۆیی و ناوەندییان تێدایە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ بەشی دروشمە حوسێنییەکان و موکێبەکان بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری. جگە لەوەش، ژوورێکی ئۆپراسیۆنی تایبەت لە "ستوونی ٣٥٠" کراوەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی لۆد و ڕێکخستنی جووڵەی سەردانیکەران لەو میحوەرەدا.

