بەغداد - INA

سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار لە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، بەلیغ ئەبو كەلل، ئەمڕۆ سێشەممە، دووپاتیکردەوە: گرێبەستی مۆڵەتی خزمەتگوزاری "ستارلینک" بە فەرمی لە ناوخۆی عێراق ئیمزا کراوە و بەرزترین ڕێژەی بەشداریکردنی لە داهاتەکاندا لەسەر ئاستی جیهان بۆ وڵات دەستەبەر کردووە.

ئەبو کەلل لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ بەرنامەی "المحايد" لە کەناڵی "عێراقیە نیوز" كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "مۆڵەتی ستارلینک لە عێراق ئیمزا کرا پێش سەفەرکردنمان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوەی لە واشنتۆن ڕوویدا ڕێکارێکی پرۆتۆکۆلی بوو بۆ ئەوەی ڕووداوەکە گرنگییەکی گەورەتر وەربگرێت هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆک وەزیران"، ڕوونیشیکردەوە کە "سەرۆک وەزیران پێداگری کرد لەسەر ئیمزاکردنی مۆڵەتەکە لە ناوخۆی عێراق."

ئەوەشی ڕوونکردەوە کە "تەکنەلۆجیای ستارلینک پێشکەوتووە و لە 1٦۰ وڵاتدا هەیە و چەندین وڵات لە ناوچەکەدا مۆڵەتیان پێداوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئیمزاکردنی مۆڵەتەکە پاشکۆیەکی ئەمنی لەخۆگرتبوو کە نوسینگەی سەرۆک وەزیران و هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ سەنتەری ئاسایشی سایبەری تێیدا بەشدار بوون."

ئەبو کةلل دەڵێت: "عێراق لە ڕێگەی (API)یەوە دەبەسترێتەوە و دەچێتە ناو داتاکانی ستارلینک بۆ ئاگاداربوون لەوەی بەسەر هەموو ئامێرە بەستراوەکاندا تێدەپەڕێت"، ڕوونیشیکردەوە کە "خزمەتگوزارییەکە بۆ ئامێری وەرگر پەخش دەکرێت کە لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و سەنتەری ئاسایشی سایبەرییەوە چاودێری دەکرێن."

بەردەوام بوو لەسەر وتەکانی و گوتی: "۲۰۰ هەزار بەکارهێنەری (ستارلینک) لە عێراقدا هەن کە مۆڵەتپێنەدراون و لە ڕێگەی ٤۰ هەزار ئامێرەوە کاردەکەن"، جەختیشیکردەوە کە "سەرجەم ئەم ئامێرانە لە ڕێگەی (REGION)ێکی عێراقییەوە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەبن، و کۆمپانیای ستارلینک ئامادەیی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ پابەندبوون بە هەموو یاساکانی عێراق."

سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار ئاماژەی بەوەشکرد: کە "خزمەتگوزاری ستارلینک دەتوانێت بگاتە ئەو ناوچانەی کە خزمەتگوزاری کێبڵی ڕووناکی (FTTH)ی تێدا نییە، و هاتنی ڕێگە دەدات بە دروستبوونی کێبڕکێیەکی ئیجابی لە نێوان کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتدا"، وتیشی: "دڵنیایی دەدەینە کۆمپانیاکانی ئێستای ئینتەرنێت کە ڕێگە نادەین زەرەرمەند ببن."

سەبارەت بە وردەکارییەکانی لایەنی دارایی و داهاتەکان، ئەبو کەلل ڕوونیکردەوە: "عێراق لە گرێبەستەکەیدا لەگەڵ ستارلینک بەرزترین داهاتی دەستەبەر کردووە لەگەڵ نرخ گەلێکی نزیک لە خزمەتگوزارییەکان کە کەمتر یان یەکسانە بە بڕی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە"، ئاشکراشیکرد کە "عێراق بەرزترین ڕێژەی بەشداریکردنی لە جیهاندا لەگەڵ ستارلینک دەستکەوتووە کە دەگاتە ٩٪ی داهاتەکان و ۱٥٪ وەک باجی قازانجەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئامێرەکانی ستارلینک لە عێراق بە نرخێک بەردەست دەبن کە کەمتر لە نیوەی نرخی ئێستایان دەبێت (کە بۆ پارچە گەورەکەی دەگاتە ۱۵۰۰ دۆلار)، و ئەم نڕخانەش کۆتایی نین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەکرێت ئامێرەکە بە ٤ ئامێری ترەوە ببەسترێتەوە و ڕووبەرێکی ڕووماڵکردنی فراوانتر و خزمەتگوزارییەکی خێرا و جێگیرتر دابین دەکات."

سەبارەت بە دۆسیەی ڕێنماییەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و ئەو سزایانەی بەسەر بەرنامە و پێشکەشکاراندا دەسەپێندرێن، ئەبو کەلل گوتی: "یاسا دەسەڵاتی بە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان داوە بۆ دەرکردنی ڕێنمایی کە کەرتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیا ڕێکدەخات، و ئەم ڕێنماییانە دراونەتە هەموو کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان بۆ ئەوەی هەمووان ماف و ئەرکەکانی خۆیان بزانن."

بەردەوام بوو: "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆکارێکی ڕاگەیاندن دادەنێین و ئەمەش لە ڕێنماییەکاندا جێگیر کراوە، خراپ بەکارهێنانیشی ڕێکاری بەدوادا دێت و دادگا بڕیار لەسەر دروستی ڕێنماییەکان یان نادروستییان دەدات و ئێمەش پابەندین بەوەی دادگا بڕیاری لەسەر دەدات."

ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی (ڕێنمایی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی)یە کە رێكخستن و مەرج لەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە سەروویانەوە (فەیسبووک) لەخۆدەگرێت، و ئێستا لە قۆناغی وەرگرتنی ڕا و ڕاوێژکارییدایە"، ڕوونیشیکردەوە کە "ڕێنماییەکە مەرجی دیاریکراو لەخۆدەگرێت کە لێپرسینەوەی یاسایی لەسەر شتەکان دەکات، بۆ نموونە تاوانەکانی هاندانی توندوتیژی و تیرۆر، و دەستبردن بۆ کەرامەت و نامووس، و جوێن و پەلاماردان."