بەغداد – INA

عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ سێشەممە جەختیکردەوە: پەرلەمان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پابەند دەکات بە سەقفێکی زەمەنیی دیاریکراوەوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بەرامبەر ئەو سەرپێچییانەی لە ڕاپۆرتەکەیدا لە دژی وەزارەت و دامەزراوەکان بەڵگەدار کراون.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی ۳۰۰ پەرلەمانتار بەڕێوەچوو کە تایبەت کرابوو بە تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بۆ ساڵی ۲۰۲۵ و بەشداریی لە ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا ڕایگەیاند: پەرلەمان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پابەند دەکات بە سەقفێکی زەمەنیی دیاریکراوەوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بەرامبەر ئەو سەرپێچییانەی لە ڕاپۆرتەکەیدا بەڵگەدار کراون."

جەختیشیکردەوە : "ئەنجومەن هەڵوێست بەرامبەر دیوانەکە وەردەگرێت ئەگەر لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبێت لە ئەنجامدانی ئەرکە چاودێرییەکانیدا؛ لەسەر ئەو بنەمایەی جەوهەری کاری دیوانەکە خۆی لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی کارگێڕی و دارایی، بەهێزکردنی بنەماکانی دەستپاکی و شەفافیەت، و پاراستنی سامانی گشتیدا دەبینێتەوە." هاوكات ئاماژەی بەوەشکرد کە "ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی داواکارییەکی مەرجەعیی و جەماوەرییە، سەرەڕای ئەوەی ئەرکێکی دەستووریی و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و دەکەوێتە سەر شانی نوێنەرانی گەل."

بەپێی بەیاننامەکە، فەیحان وتی: "میوانداریکردنی دیوان لە دانیشتنێکی ئاشکرادا لە چوارچێوەی چەسپاندنی بنەمای شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیدایە لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە و ئەنجامەکانی." جەختیشیکردەوە: کە "دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی داواکراوە بە ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو دۆسیانەی ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی کراون، ڕوونکردنەوەی قەبارەی ئەو پارە بەهەدەردراوانەی گەڕێنراونەتەوە، ژمارەی ئەو سەرپێچییانەی ڕاگیراون، و ئەو ڕێکارانەی لەبەرامبەریاندا گیراونەتە بەر." هەروەها ڕێنمایی لیژنە پەرلەمانییەکانی کرد بە بەدواداچوونی ڕێکارەکانی دیوان لە تەواوی ئەو تەوەرانەی لەژێر دەسەڵاتیان بەردەستن، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنیان و لێپرسینەوە لە لایەنە کەمتەرخەمەکان، بەجۆرێک کە کارایی سیستەمی چاودێری بەهێز بکات و ئامانجەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا بپێکێت.