بەغداد - INA
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستبەسەرداگرتنی وۆرشەیەکی بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕاگەیاند کە ٢٥ پەیکەری فڕۆکەی تێدابووە، جگە لە ئامێر و کەلوپەل کە لە پرۆسەی کۆکردنەوە و بەرهەمهێناندا بەکارهێنراون.
دەزگاكە لە بەیاننامەیەكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕایگەیاند: "دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دوای هەوڵێکی هەواڵگری ورد، توانینی هەوڵێک بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناو بەغدای پایتەخت پووچەڵ بکاتەوە و سێ تۆمەتباری تێوەگلاو لەم كردەوەیەدا دەستگیر بکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە: "پرۆسەکە بە سەرپەرشتی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سێیەمی تایبەتمەند بە کێشەکانی دەزگاکە ئەنجامدراوە، بەو پێیەی مەفرەزەکانی دەزگاکە فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی دەرچوو بەرامبەر تۆمەتباران جێبەجێ کردووە، و ئەنجامەکەی دەستبەسەرداگرتنی (٢٥) پەیکەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامێر و کەلوپەلی بەکارهێنراو لە پرۆسەکانی کۆکردنەوە و بەرهەمهێناندا بووە."
رونیشیكردەوە: "لێکۆڵینەوەکان بوونە هۆی ئاشکراکردن و دەستبەسەرداگرتنی وۆرشەیەک کە تەختە و پارچەی دروستکراو لە ماددەی کاربۆنی تێدابووە، لەگەڵ پێداویستی تەکنیکی کە دەچنە قۆناغەکانی بەرهەمهێنانەوە."
ئاشكراشیكرد: "ئەم هەوڵە بەرپەرچ دراوەتەوە پێش تەواوبوونی، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەگەری پەیوەستبوونی ئەم چالاکییە بە هەر پلانێک کە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەیەنێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگا تاوەکو سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن."
