دیمەشق – INA - رەنيم محەمەد
کۆمپانیای سووری بۆ پەترۆڵ، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختیکردەوە: بۆریی نەوتی عێراقی-سووری دەبێتە دەروازەیەکی ستراتیژی بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، هاوكات ڕوونیکردەوە: تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستی بە نزیکەی دوو ساڵ و نیو هەیە.
بەڕێوەبەری ئیدارەی پەیوەندییەکان و دامەزراوەکان لە کۆمپانیای سووری بۆ نەوت، سەفوان شێخ ئەحمەد، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی لە نێوان عێراق و سووریادا ئیمزا کرا، ئەنجامدانی ڕووپێوی و لێکۆڵینەوەی هونەری و دارایی لەخۆدەگرێت بۆ پڕۆژەی هێڵێکی بۆریی نەوت کە لە حەدیسەوە بۆ بانیاس درێژ دەبێتەوە."
ڕوونیشیکردەوە: "ئەم هێڵە ستراتیژییە ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لە گەشەی ئابووریی نێوان هەردوو وڵاتی برادا"، ئاماژەشی بە "بوونی هەماهەنگییەکی ئاست بەرز لە نێوان هەردوو حکومەتی سووریا و عێراقدا لە دۆسیەی نەوتدا کرد، بەتایبەتی دوای سەردانی دوایی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ سووریا، کە لە کاتی سەردانەکەدا تاوتوێی هاتنەناوەوەی کۆمپانیا بیانییەکان کرا بۆ کارکردن لەم پڕۆژەیەدا."
وتیشی: "ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن هاوكات بوو لەگەڵ ئیمزاکردنی یاداشتێکی دیکە لە نێوان کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی و هەردوو کۆمپانیای (UCC) و (TI) بۆ ئەنجامدانی کردارە جێبەجێکارییەکانی هێڵەکە"، ڕوونیشیکردەوە: "توانای دیزاینکراوی بۆرییەکە دەگاتە نزیکەی (٢.٥) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی (٨٠٠) کیلومەتر، لەگەڵ پێشبینی ئەوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ماوەیەک بخایەنێت کە لە نێوان دوو ساڵ بۆ دوو ساڵ و نیودا بێت."
ئاماژەی بەوەشکرد: "هێڵەکە نوێنەرایەتی شا دەمارێکی ژیانی دەکات بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی خاکی سووریاوە بە ئاڕاستەی ئەورووپا"، ڕوونیشیکردەوە: "مانگەکانی ڕابردوو شاهیدی ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەیەک بوون لە نێوان کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و کۆمپانیای سووری بۆ نەوت بۆ گواستنەوەی (فیوڵ)ی عێراقی لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی تەنەفەوە تاوەکو گەیشتن بە بانیاس و پاشان بۆ پاڵاوگەکانی بانیاس، پێش ئەوەی دووبارە لە ڕێگەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانەوە ڕەوانەی ئەورووپا بکرێتەوە."
ئەوەشی خستەڕوو: "دروستکردنی ئەم هێڵە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی هەوڵ و تێچووەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەکانی گواستنەوە، و بەکارهێنانی ژێرخان لە هەر یەکە لە سووریا و عێراقدا کەم دەکاتەوە"، جەختیشی کردەوە کە "پڕۆژەکە ڕەنگدانەوەی ئیەرێنی لەسەر هەردوو گەلی عێراق و سووریا دەبێت."
شێخ ئەحمەد دەڵێت: "یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دواتر دەبێتە گرێبەست یان ڕێککەوتننامەیەکی تەواو، لەگەڵ پێشبینی ئەنجامدانی سەردانی ئاڵوگۆڕکراو لە نێوان هەردوو لادا لە قۆناغەکانی داهاتوودا، جگە لە ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و سەردانی مەیدانی بۆ فەرمانبەرانی فەنی و ئەندازیارانی هەردوو وڵات لە حاڵەتی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەسەر ئەرزی واقع"، جەختیشیکردەوە لەوەی "پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو گەلی سووریا و عێراق بە ڕۆڵی خۆیان ڕەنگدانەوەیان لە قازانجی ئابووریی هاوبەشدا دەبێت."

