بەغداد – INA

وەزیری كشتوكاڵ عەبدولڕەحیم شەممەری، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: کە ڕەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی دەستی چاکسازیی كشتوكاڵی لەسەر ئەو زەوییانە دراوە کە بۆ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ لە بەغداد تەرخانکراون.

شەممەری لە لێدوانێکدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "لەگەڵ دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، سەبارەت بە پێویستیی بوونی پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون بۆ هەر هاووڵاتییەکی عێراقی، ڕەزامەندی درا لەسەر هەڵگرتنی دەستی چاکسازیی كشتوكاڵی لەسەر 26 هەزار دۆنم کە بۆ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگای بەغدا تەرخان کراوە."

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە ئامانجی بەهێزکردنی توانای هەر هاووڵاتییەکی عێراقییە بۆ دەستکەوتنی پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون،" هەروەها ڕوونیکردەوە: کە "زەوییە تەرخانکراوەکان بەسەر کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ لە بەغدا دابەش دەکرێن، وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانیان."

وتیشی: "کارمەندانی پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ شایستەی ئەم دەستکەوتەن،" و سوپاسی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ حسێن عەوادی کرد بۆ ڕۆڵیان لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەم دۆسیەیە.

وەزیر داوای لە "پارێزگارەكان و فەرماندەکانی پۆلیس لە هەموو پارێزگاکان کرد کە هەنگاوی هاوشێوە بنێن بۆ دابینکردنی زەوی بۆ کارمەندانیان،" و جەختیشی کردەوە کە "وەزارەتی كشتوكاڵ بەردەوامە لە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەوی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی لەسەر داوە."

وتیشی: "فەرمانبەرانیش لەو توێژانەن کە ئەم ئاڕاستەیە دەیانگرێتەوە،" و ئەوەشی خستەڕوو کە "برینداران و خێزانی شەهیدان لە پێشینەی شایستەییدان وەک پێزانینێک بۆ قوربانیدانیان، و پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتەی لە خۆیان و خێزانەکانیان کرد."

جەختیشیکردەوە: "وەزارەت بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت کە ئامانجیان دابینکردنی زەویی نیشتەجێبوونە بۆ هاووڵاتییان لە چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانیی دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەوی."