بەغداد – INA
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەباح نوعمان، ئەمڕۆ سێشەممە، بنەما نیشتمانییەکانی پڕۆژەی قۆرغکردنی چەکی لە دەستی دەوڵەتدا ڕوونکردەوە، لە هەمانکاتدا ئاماژەی بەوەکرد کە دیدگای سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی لە ڕێکخستنی چەکدا لە دیدێکی باوکانە و نیشتمانییەوە دەستپێدەکات کە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی عێراقییەکانە، و جەختیشیکردەوە: کە قۆرغکردنی چەک ئامانجی بێڕێزیکردن نییە بەرامبەر هیچ لایەنێک بەڵکو ئامانجی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکانە.
نوعمان بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی ڕاگەیاند: "دیدگای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، لە دۆسیەی ڕێکخستن و قۆرغکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لە دیدێکی باوکانە و نیشتمانیی کۆکەرەوەوە دەستپێدەکات کە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی سەرجەم عێراقییەکان و چەسپاندنی پایەکانی سەقامگیری گشتگیرە."
ڕوونیشیکردەوە: "ئەو قوربانییە گەورانەی کە ڕۆڵەکانی هێزە چەکدارەکان بە تەواوی پێکهاتە و سنفەکانیانەوە لە نەبەردییەکانی شەرەفدا دژی تیرۆر پێشکەشیان کردووە، هەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینی بەردەوامی فەرماندەیی گشتییە،" ئاماژەی بەوەشکرد: کە "ڕێکارەکانی ڕێکخستنی چەک و قۆرغکردنی لەژێر چەتری یاسا و دامەزراوە فەرمییەکاندا ئامانجی بێڕێزیکردن نییە بەرامبەر هیچ لایەنێک یان کەمکردنەوەی هیچ هەوڵێکی نیشتمانی کە بەشداری کردبێت لە پاراستنی خاک و پیرۆزییەکان، بەڵکو ئامانجی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکانە لە بەڕێوەبردنی سیستەمی بەرگری و ئاسایشدا بۆ پاراستنی نیشتمان لە هەر مەترسییەکی دەرەکی."
وتیشی: "دیالۆگ و تێگەیشتنی براینە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە نیشتمانییەکان لەسەر بنەمای نەگۆڕە دەستوورییەکان و ڕێنماییە ئاقڵانەکانی مرجەعیەتی باڵای ئایینییە،" جەختیشیکردەوە کە "مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت کە شکۆی دەوڵەت زامنی دەکات، و کەرامەت و قوربانییەکانی ڕۆڵەکانی دەپارێزێت، و دەرفەت لەوانە وەردەگرێتەوە کە هەوڵدەدەن کەلێن بۆ تێکدانی ڕێزی نیشتمانی یان دەستکاری سەقامگیری و گەشەپێدان بکەن کە هەمووان خوازیارین."

