بەغداد – INA
چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ دووشەممە، پپشتگیری خۆی بۆ ئەنجامەکانی سەردانەکەی دوایی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربڕی، لە هەمانکاتدا جەختیکردەوە کە پەنای سیاسی بۆ هیچ کەسێک دابین ناکات کە لایەنە دادوەرییەکان تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا بسەلمێنن.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 284ی خۆی ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە نوسینگەی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سازکرد، بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی. لە کۆبوونەوەکەدا گوێ لە پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوەیەکی بەرفراوان گیرا لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەردانە فەرمییەکەی دوایی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی ئەنجامی دابوون، هەروەها تێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی لێی کەوتبووەوە لە ژمارەیەک کەرتی جیاوازدا کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەکەن."
رونیشیكردەوە: "چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامەکانی سەردانەکە دەربڕی، و پشتیوانی خۆی بۆ حکومەت دووپاتکردەوە لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتن و تێگەیشتنانەی پێیان گەیشتوون، بە شێوازێک کە پێگەی نێودەوڵەتی عێراق بەهێزتر بکات و سەروەری و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی بپارێزێت، و بەشدار بێت لە پەرەپێدانی تواناکانی ئابووری و ئەمنی، و ڕاکێشانی وەبەرهێنان، و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و دابینکردنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان."
راشیگەیاند: "هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێی ڕێکارەکانی حکومەتی کرد کە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا گیراونەتەبەر، و جەختی لەسەر بەردەوامی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەستپاکی کردەوە لە ڕاوەدوونانی گەندەڵی، و پاراستنی ماڵی گشتی، و گەڕاندنەوەی بڕە پارە دزراوەکان، و سزادانی تێوەگلاوان بەپێی یاسا. بەپێی بەیاننامەكە چوارچێوەی هەماهەنگی تەئكیدی لەوەشکردەوە کە پەنای سیاسی بۆ هیچ کەسێک دابین ناکات کە لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەکان تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا بسەلمێنن."
هەر بەپێی بەیاننامەكە، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر گرنگی پێبەندبوون بە ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان و گرتنەوەی هەموو تێوەگلاوان کردەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنگرییان، بۆ دەستەبەرکردنی دروستی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
هەروەها چوارچێوەکە تاوتوێی کۆی بارودۆخی وڵات و بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی، و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کرد، بە شێوازێک کە وەڵامدەرەوەی هیوا و ئاواتەکانی هاووڵاتییان بێت.


