وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە ئاسایشییەکان لە گوندەکانی فرون، سریفا و زەوتەر ئەلغەربی لە لوبنان دەستپێدەکەن.
سوپای لوبنان بە مەبەستی پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی حزبوڵڵا دەوروبەری گوندەکانی گرتووە دەچێتە ناو گوندەکانی باشوورەوە و سوپای ئیسرائیلیش لەو گوندانە دەکشێتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، سوپای ئیسرائیل سبەی سێشەممە هێزەکانی لە باشووری لوبنان دەکشێنێتەوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەگوێرەی ڕێککەوتنی سێ قۆڵییە، کە ڕێککەوتنێکی ئاسایشییە بە نێوەندگیری ئەمەریکا لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا لە 26ی مانگی شەش واژۆ کرا.
دوێنێ یەکشەممە، مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە واشنتۆن کۆبونەوە، و باسیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی کرد.
هەفتەی ڕابردوو نوێنەرانی دیپلۆماسی و سەربازی ئیسرائیل و لوبنان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆبوونەوە بۆ کۆتاییهێنان بەم ڕێککەوتنە.


