بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، کردنەوەی بارەگای کۆنتڕۆڵکردنی تایبەت بە سەردانیکردنی چلەی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت) ڕاگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ دابینکردنی ئاسایشی سەردانیکردنە ملیۆنییەکە.
ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەییەکە کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "بە سەرپەرشتیی مەیدانیی ڕاستەوخۆ لەلایەن جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەریقی یەکەمی ڕوکن، قەیس محەمەداوی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بارەگای کۆنتڕۆڵکردنی تایبەت بە پلانی ئەمنیی سەردانیکردنی چلەی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت)ی کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی سەردانیکردنە ملیۆنییەکە و هەماهەنگیکردنی هەوڵەکان لە نێوان پێکهاتە جیاوازە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکاندا".
ڕوونییشی کردەوە کە "بارەگاکە ئامانجی ئەوەیە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جێگری فەرماندە، بەڕێوەبردن و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان فەرماندەییە ئەمنییەکان و لایەنە پاڵپشتیکارەکان بکات، بە شێوەیەک کە ڕەوانیی هاتووچۆی سەردانیکەران و خێرایی وەڵامدانەوە بۆ گۆڕانکارییە مەیدانییەکان مسۆگەر بکات، لەپاڵ دابینکردنی بەرزترین ئاستی ئەمنی و خزمەتگوزاری بە درێژایی ڕۆژانی سەردانیکردنەکە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەپێی ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردەوە کە "کردنەوەی ئەم بارەگایە لە چوارچێوەی زنجیرە ڕێکارێکدایە کە ئامانجیان سەرخستنی سەردانیکردنی چلەیە لە ڕێگەی تەواوکاریی کارە ئەمنی، هەواڵگری، خزمەتگوزاری و ڕاگەیاندنەکانەوە، بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ ملیۆنان سەردانیکەر کە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقەوە ڕوودەکەنە شوێنە پیرۆزەکان".