هەولێر – INA - ئیڤان ناسر
ئەمڕۆ دووشەممە ، پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند کە پڕۆژەی ڕێگای ستراتیژیی (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی، هاوكات تەواوبوونی هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران لە پێش وادەی دیاریکراوی خۆیان نزیکبووەتەوە.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "پڕۆژەکە لە چوارچێوەی دیدگا و بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبانەکان و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکرێت"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو و لە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی لە کۆتاییهاتن نزیک دەبێتەوە".
ڕوونییشی کردەوە کە "گوژمەی پڕۆژەکە 95 ملیار دیناری عێراقییە، و بە تەواوی لەلایەن کۆمپانیا نیشتمانییەکان و کادیر و ئەندازیارانی ناوخۆیییەوە جێبەجێ دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "پڕۆژەکە دروستکردنی ڕێگایەکی خێرای دووساید بە درێژایی 10 کم لەخۆدەگرێت، لەگەڵ تەواوکردنی هەردوو تونێلی ستراتیژیی میراوە و ماوەران، لەپاڵ دروستکردنی سێ پردی سەروو و خواروو بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان".

