بەغدا - INA -
شارەزایان هۆکارەکانی پەرەسەندنی دیاردەی توندوتیژی لە عێراق دەخەنەڕوو و جەخت لەوە دەکەنەوە کە زیادبوونی ڕووداوەکانی توندوتیژی و تاوانەکانی ناو خێزان لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕەنگدانەوەی تێکەڵبوونی هۆکارە دەروونی،و کۆمەڵایەتی،و ئابووری و کلتوورین کە بوونەتە هۆی فراوانبوونی ئەم دیاردەیە،هەروەک جەخت دەکەنەوە کە سنووردارکردنی، پێویستی بە چارەسەری یەکگرتوو هەیە کە لە خێزانەوە بە پەروەردەی دروست و گفتوگۆ دەست پێ دەکات و لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسا،
و بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە دەروونییەکان و ڕۆڵی دامەزراوەی پەروەردە و ڕاگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی کلتووری ڕەتکردنەوەی توندوتیژی.
ئامارە فەرمییەکانی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە نۆ هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراوە، بەرامبەر بە زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی پیاوان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی ئەم دیاردەیەیە و جەخت لە پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەکاتەوە وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی کە پێویستی بە هەوڵی یەکگرتوو هەیە بۆ خۆپارێزی و چارەسەر.
حەلا جابری،پسپۆڕی دەروونناسی، توندوتیژی بە بەکارهێنانی بە ئەنقەستی هێز یان دەسەڵات دژی تاک یان گروپ، کە دەبێتە هۆی زیانی جەستەیی یان دەروونی پێناسە دەکات و لەوبارەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: دەرکەوتەکانی توندوتیژی تەنها بۆ هێرشی جەستەیی سنووردار نین، بەڵکو توندوتیژیی خێزانی،و کۆمەڵایەتی،و ئابووری،و تەکنەلۆجیا و قوتابخانەش دەگرێتەوە، کە هەر یەکەیان لێکەوتەی بۆ سەر تاک و خێزان و کۆمەڵگە هەیە.
جابری، پێی وایە چەسپاندنی ویژدانی ئەخلاقی و ئایینی یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی خۆپارێزی، چونکە هەستی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی بەهێز دەکات، و یارمەتی تاکەکان دەدات هەستەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن نەک توندوتیژی.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو جۆری توندوتیژی سەرەکیی هەیە، کە یەکەمیان ڕاستەوخۆیەو بریتی یە لە لێدان و سووکایەتییکردنی زارەکی و جەستەیی، دووەمیان ناڕاستەوخۆیە و لە ڕێگەی چەسپاندنی ڕەفتاری توندوتیژانە لە هەندێک میدیا یان هۆکارەکانی تەکنولۆجیا دەردەکەوێت کە دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی دیمەنەکانی توندوتیژی و قبوڵکردنیان لەلایەن بینەرانەوە.
توێژەر نوور محەمەد عەتێبی، لە ڕووی دەروونییەوە، بۆ (INA)ی روونیدەکاتەوە : کە تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتیی زانای جیهانی، ئەلبێرت باندۆرا ، جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ ڕەفتاری توندوتیژانە لە ڕێگەی چاودێریکردن، و لاساییکردنەوە و هێز بەدەست دەهێنێت، ئەمەش گواستنەوەی شێوازەکانی توندوتیژییە لە ڕێگەی خێزان و ژینگە و میدیاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە بەرکەوتن بە توندوتیژی لە قۆناغی منداڵیدا ئەگەری پراکتیزەکردنی لە داهاتوودا زیاد دەکات ئەگەر پشتگیری دەروونی و هۆکارەکانی پاراستن نەبن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، موئەیەد هادی، عەقید لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆمەڵگە بۆ (INA) جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی پەرەسەندنی توندوتیژیی خێزانی، لەگەڵ لاوازیی داهات و خراپی دۆخی ئابووری و خواردنەوە کحولییەکان، و وەک ئاماژەی پێدا ئەم هۆکارانە بەشدارن لە زیادبوونی کێشەکانی ناو خێزان و هەڵوەشاندنەوەی.
شارەزایان پێیان وایە کە بەردەوامیی جەنگ و ململانێکان،و فراوانبوونی کەلێنی ئابووری،و لاوازیی جێبەجێکردنی یاسا،سەرجەمیان هۆکارن بۆ چەسپاندنی شێوازی توندوتیژی،و هەندێک کەس هان دەدەن بۆ ئەوەی پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز ببەن لە جیاتی گەڕانەوە بۆ چوارچێوە یاساییەکان و دیالۆگ.
شارەزایان پێیان وایە سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە پێویستی بە چارەسەری گشتگیر هەیە کە لە خێزانەوە دەست پێ دەکات لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی شێوازی پەروەردەیی کە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و ڕێزگرتنە،و دواتر ڕۆڵی قوتابخانە و دامەزراوە ئایینییەکان و ڕاگەیاندنەکان لە بڵاوکردنەوەی کلتووری ڕەتکردنەوەی توندوتیژی، و هەروەها ڕۆڵی دەوڵەت لە جێبەجێکردنی یاساکان و دابینکردنی پاراستن بۆ ئەو چینانەی کە زیاتر بەرکەوتەی توندوتیژین، و باشترکردنی دۆخی ئابووری، و بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی و ڕاوێژکاریی خێزانی.

