کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا دەڵێت بەڕێوبەرایەتی ترامپ هێشتا لەگەڵ چارەسەری دیپلۆماسیدایە بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەگەر ڕێژیمی ئێران ڕەتی بکاتەوە هاوکاری بکات، ئەوا ئەمەریکا خۆی بەردەوام دەبێت لە دەستەبەرکردنی ڕۆیشتنی نەوت و کاڵاکان لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە.

ڕایت ڕۆژی یەکشەممە 19ی مانگی حەوت بە کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ڕاگەیاند ئەمەریکا پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکە دانابوو بۆ ماوەی چوار بۆ شەش هەفتە و لە کۆتاییدا ئۆپەراسیۆنەکە پێنج هەفتە و نیوی خایاند.

وتیشی ئەمەریکا لە ناوەڕاستی پرۆسەکەدا ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگرت بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بڕەخسێنێت.

بە وتەی وەزیری وزەی ئەمەریکا، مەبەست لەم وەستانە بۆ ئەوە بوو کە هەردوولا بگەنە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هەناردەکردنی نەوت بە بێ هێرشی کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی هورمزدا بەردەوام بێت.

ڕایت وتیشی بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچ حەز و خواستێکی بۆ ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە نیشان نەداوە و هەر بۆیەش واشنتن ڕێبازی خۆی گۆڕیوە.

ڕوونیشی کردەوە ستراتیژی ئێستای ئەمەریکا ئەوەیە کە نەوت و گاز و کەلوپەلەکانی دیکە بە تەنگەی هورمزدا بگوازێتەوە، تەنانەت بەبێ هاوکاری کۆماری ئیسلامیش.

وەزیری وزەی ئەمەریکا هەروەها وتی ئەمەریکا بەردەوام بووە لە لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام سەرۆک ترامپ هێشتا دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت.

ڕایت جەختی لەوە کردەوە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە پێویستی بە هاوکاری هەردوولا هەیە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئامادەبێت بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە، دەتوانرێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت.

لە کۆتاییدا وتی ئەگەرنا، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەنگاونان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی تێپەڕبوونی کەشتییەکان و ڕەوتی بازرگانی لە تەنگەی هورمزدا، تەنانەت بەبێ هاوکاری کۆماری ئیسلامیش.