بەغداد – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار،جەختی کردەوە کە چاودێریکردنی خاوەن توانا تایبەتەکان،بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان هەیە بۆ بەهێزکردنیان و پاراستنی مافەکانیان.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە

: نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار،لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە شاندی ڕێکخراوی 'هیوای نوێ ` بۆ چاودێریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرد، کە هەردوو پەرلەمانتار ئایات ئەدهەم و هاتێف زالمی،ئامادەی دیدارەکە بوون، لە دیدارەکەدا بارودۆخی کاری مرۆیی و خۆبەخشی و ڕێگاکانی پشتیوانیکردنی دەسپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان کە ئامانجیان چاودێریکردنی خاوەن توانا تایبەتەکانە و گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان لەم بوارەدا تاوتوێ کران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە چاودێریکردنی ئەم توێژە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە،و پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت هەیە، بە جۆرێک کە مافەکانیان بپارێزرێت و بەهێز بکرێت و ژینگەیەک بۆ بەشداریکردنی توانایان لە بوارە جیاوازەکاندا دابین بکرێت.

هەروەک جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی دەسپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان کە خزمەتی ئەو توێژانە دەکەن کە زۆرترین پێویستییان هەیە، بەتایبەتی توێژی خاوەن توانا تایبەتەکان ، لەو روانگەیەشەوە وتی : ئەم هەوڵانە بەهای هاوکاری و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەکەن و بەشدار دەبن لە بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی کولتووری کاری مرۆیی.

لە لای خۆیەوە، شاندی ڕێکخراوەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی لە بەرامبەر بایەخدانی بە پشتیوانیکردنی کاری مرۆیی و چاودێریکردنی خاوەن توانا تایبەتەکان و جەختیشیان کردەوە لە بەردەوامبوونی هەوڵەکانیان لە خزمەتکردنی ئەم توێژەدا.