بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری، ئاشکرای کرد کە کاردەکەن بۆ ئەوەی مافی قوربانیانی ڕژێمی پێشوو بۆ وەرگرتنی قەرەبووی ئەو زیانانەی کە بەهۆی تاوانەکانی حزبی بەعس و دەزگا سەرکوتکارەکانەوە لە سەردەمی بەعسی لەناوچوودا بەرکەوتوون، مسۆگەر بکات.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دەستەکە کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: دەستەکە کاردەکات بۆ ئەوەی بڕگەی 4ی ماددەی 3ی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری ژمارە 10ی ساڵی 2008 جێبەجێ بکات، کە تێیدا هاتووە: کاراکردنی قوربانیانی حزبی بەعس و دەزگا سەرکوتکارەکان لە ڕێگەی سەردانکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ داواکردنی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی ئەو تاوانانەوە بەرکەوتوون.
دەستەکە داوای لە سەرجەم وەزارەت و پێکهاتە حکومییەکان کرد کە پێشینە بدەن بە مامەڵە و داواکاری و دۆسیەکانی تایبەت بە قوربانیانی ڕژێمی پێشوو، و ئاسانکاری بۆ ئەرکی نوێنەرانی دەستەکە بکەن بۆ وەرگرتنی ئەو داواکارییانە و کردنەوەی کەناڵ بۆ هەماهەنگی ڕاستەوخۆ و تێپەڕاندنی ڕۆتین لە مامەڵەکاندا.
دەستەکە ئەوەشیخستۆتەڕوو : کە بەشداریکردنی کارا لە وەرگرتنی ئەم دۆسیانە و خێراکردنی ئەنجامدانی مامەڵەی قوربانیان، بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی گیانی هاوکاری لەنێوان دامەزراوەکاندا، و بە دەربڕینێکی ڕوون دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئەو توێژە ستەملێکراوەی کە لە سەردەمی تاریکی بەعسدا ئازاریان چەشتووە، جگە لەوەی ئەو بەشداریکردنە بە ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی دادەنرێت پێش ئەوەی یاسایی بێت.

