بەغداد – INA

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ،، کۆمەڵێک ڕێنمایی خۆپارێزیی بۆ شۆفێرانی ئۆتۆمبێل دەرکرد بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "بە سەرپەرشتی بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ، حوسێن عەوادی، و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و بەکارهێنەرانی ڕێگاکان، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ، فەریق عودەی سەمیر حەسانی، ئەم ڕێنماییانەی خوارەوەی ئاراستەی شۆفێرانی ئۆتۆمبێل کردووە:

· دڵنیابوونەوە لە هەبوونی مەرجەکانی توندوتۆڵی و سەلامەتی لە ئۆتۆمبێلەکەدا، و ئەنجامدانی پشکنین و چاککردنەوەی خولیی بۆی.

· نەهێشتن و بەجێنەهێشتنی عەتر، قوتووی گاز، چەرخ، پاتری، یان هەر ماددەیەکی تری شیاوی گڕگرتن لەناو ئۆتۆمبێلدا، بەتایبەتی کاتێک کە ڕاستەوخۆ بەر تیشکی خۆر دەکەون.

· دڵنیابوونەوە لە شیاوی و کارکردنی ئامێری کوژاندنەوەی ئاگر و جێگیرکردنی لە شوێنێکی ناو ئۆتۆمبێلەکەدا کە لە کاتی پێویستدا بە ئاسانی دەست پێی بگات.

· پشکنینی تایەکان و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان و گونجاوی پەستانی هەواکەیان، بۆ ڕێگریکردن لە تەقینیان بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە.

· پڕکردنی سووتەمەنی لە وێستگە فەرمییەکان و دوورکەوتنەوە لە کڕینی سووتەمەنی لە دەستگێڕەکان.

· بەدواداچوون و پشکنینی ئاستی شلەمەنییەکانی ساردکەرەوە (ئاو) و ڕۆنی بزوێنەر (مەکینە) بۆ پاراستنی کارایی ئۆتۆمبێلەکە و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی گەرمیی بزوێنەرەکە.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "پابەندبوون بەم ڕێنماییانە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕووداو و ئاگرکەوتنەوەکان، و سەلامەتی هەموان دەپارێزێت."