سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی شەممە هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر و سلێمانی ئیدانە کرد و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراقی لە قەڵەم دا.

سەرۆککۆمار نزار ئامێدی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "عێراق ڕەتیدەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە هەرێمییەکان."

گوتیشی، "هەر هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانی عێراق، لە ڕێژ هەر بیانوێکدا، بریتییە لە پێشێلکارییەکی ڕەتکراوەی سەروەری عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هاووڵاتیان و سەقامگیری وڵات."

نزار ئامێدی جەختی لە هاوسەنگی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی کردەوە و وتی، "پابەندبوونی خۆمان بە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و دراوسێییەتی باش دەردەبڕین."

شەوی هەینی ئێران چەندین هێرشی قورسی بۆ سەر هەولێر و سلێمانی ئەنجام دا. یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زەڕگوێزەڵە بووە هۆی کۆژرانی نۆ پێشمەرگە.

ئێران و گروپە چەکدارە عێراقییەکانی هاوپەیمانی، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە لە کۆتایی مانگی دوو، بەردەوام هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان و بنکە و کەمپەکانی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام داوە.