بەغدا - INA

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی نەوت واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمپانیای بی پی (پترۆلیۆمی بەریتانیا) و كۆمپانیای كۆنۆكۆفیلیپس (ئەمریكا)ی ڕاگەیاند بۆ لێكۆڵینەوە لە توانای دەرفەتی بەڵێندە و ئومێدبەخشەكانی كەرتی نەوتی كەركوك.

لە بەیاننامەكەدا كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە : بە ئامادەبوونی باسم محەمەد خزەیر عەبادی وەزیری نەوت، وەزارەتی نەوت یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمپانیای بی پی و كۆنۆكۆفیلیپس واژۆكرد بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هەردوو كۆمپانیاكە و كۆمپانیای نەوتی باكوور، هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە دەرفەتە ئەگەرییەكانی گەڕان لە ناوچەی كەركوك.

ئاماژە بەوەشكراوە : ئامانجی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكە لێكۆڵینەوە لە دەرفەتە بەڵێندەر و ئومێدبەخشەكانە لە كەرتی نەوتی كەركوك و لێكۆڵینەوە لە ئەگەری بەهێزكردنی هاوكارییەكانی داهاتووی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بوارەكانی گەڕان و پەرەپێدان، بەشداریكردن لە پلانەكانی وەزارەتی نەوت بۆ زۆرترین سوودوەرگرتن لە سامانی هایدرۆكاربۆن و پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە : ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژی وەزارەتی نەوتدا دێت بۆ فراوانكردنی هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەكان و سودوەرگرتن لە شارەزایی و تەكنەلۆجیای سەردەمیانەیان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی گەڕان و پەرەپێدانی كەرتی نەوت و گاز لە عێراق.