بەغداد - INA - نەسار حاج
وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، ئەمڕۆ هەینی، ڕایگەیاند کە ئاڕاستەیەک هەیە بۆ پەرەپێدانی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی پانێڵی وزەی خۆر بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی پیشەسازی ناوخۆیی، هاوکات ئاماژەی بە بوونی پلانێک کرد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بە مەبەستی گواستنەوەی تەکنەلۆژیا.
موهەنەد جەبار خەزرەجی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی " زەوراء" سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ئاڕاستەیەک لە لایەن وەزارەتەوە هەیە بۆ پەرەپێدانی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی پانێڵی وزەی خۆر و زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، جگە لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، دابینکردنی پێداویستییەکانی دامەزراوە حکومییەکان و کارکردن بۆ فراوانکردنی ئەم کەرتە."
خەزرەجی ڕوونی کردەوە کە "وەزارەت تاوتوێی ئەم بژاردەیە دەکات، بەڵام لە ئێستادا ئەولەویەت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەتە"، ئاماژەی بەوەش دا کە "لە کاتی زیادبوونی توانای بەرهەمهێنان و تەواوبوونی لایەنە تەکنیکی و بەبازاڕکردنەکاندا، دەکرێت هەنگاو بنرێت بەرەو کردنەوەی دەروازەی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ یان دابینکردنی بریکار بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان لە ڕێگەی کۆمپانیای گشتی ئەلزووراوە، ئەمەش لە ڕێگەی خستنەڕووی سیستەمەکانی وزەی خۆر بۆ هاوڵاتیان لە ڕێگەی 'سەکۆی ئۆر' و لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دابینکردنی وێستگەکانی وزەی خۆر بۆ هاوڵاتیان بە شێوازی قست (پێدانی قیستی)."
خەزرەجی جەختی کردەوە کە "وەزارەت کار دەکات بۆ پەرەپێدانی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی پانێڵی وزەی خۆر، زیادکردنی ڕێژەی ئەو پێکهاتانەی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن (پانێڵی وزەی خۆر، گەرمکەرەوەی ئاوی خۆری، ئینڤێرتەری کارەبایی وزەی خۆر)، و بەستنی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی پیشەسازی نیشتمانی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن."
ئەوەشی خستەڕوو کە "هەرچەندە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و توانای بەرهەمهێنان بەرزبێتەوە، ئەمە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی تێچوو و بەهێزکردنی توانای خستنەڕووی بەرهەمەکان بە نرخێکی ڕکابەرانەتر، لەگەڵ پاراستنی کوالێتییەکەی"، جەختیشی کردەوە کە "وەزارەت کار دەکات بۆ (تەوتین) ئەم پیشەسازییە بە شێوەیەکی پلەبەندی، ئەمەش لە ڕێگەی پەرەپێدانی هێڵەکانی بەرهەمهێنان، بنیاتنانی هاوبەشی، و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ ئاڕاستەی دەوڵەت بەرەو وزەی نوێبووەوە."


