وەرزش – INA

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەگەری هەیە یاری کۆتایی مۆندیالی 2026 لە نێوان ئیسپانیا و ئەرژەنتین پاشەکشەی پێبکرێت و دوابخرێت، ئەمەش بەهۆی پیسبوونی هەوا کە لە ئەنجامی بەردەوامی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کەنەداوە کەوتووەتەوە.

بڕیارە یاری کۆتایی لە 19ی تەممووز لە یاریگای "میتلایف" لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەو دووکەڵە چڕەی لە ئاگرکەوتنەوەکانەوە دێت، بووەتە هۆی دابەزینی کوالێتی هەوا لە چەندین شاری ئەمریکادا، لەوانەش نیویۆرک، ئەمەش نیگەرانی لەسەر ئەنجامدانی یارییەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دروستکردووە.

پێشتر ڕابیتەی خولی تۆپی پێی ئەمریکا (MLS) بڕیاری دواخستنی یاری نێوان هەردوو یانەی "شیکاگۆ فایەر" و "ڤانکۆڤەر وایتکاپس"ی دابوو بەهۆی پیسبوونی هەواوە، دوای ئەوەی پێوەرەکانی کوالێتی هەوا لە هەندێک ناوچەدا ئاستی 240ی تێپەڕاند، کە ئەمەش وەک پۆلێنی "زۆر ناتەندروست" هه‌ژمار ده‌کرێت.

هەروەها دەسەڵاتدارانی شیکاگۆ ژمارەیەک دامەزراوەی گشتییان داخستووە و چالاکییە دەرەکییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، لە کاتێکدا واشنتۆن باری نائاسایی ڕاگەیاندووە دوای ئەوەی کوالێتی هەوا بەهۆی دووکەڵی کەنەداوە گەیشتووەتە ئاستی سوور.

سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری دواخستنی کۆتایی مۆندیال هێشتا کەمە، بەڵام فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA) لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات و خاوەنی پرۆتۆکۆڵی تەندروستی تایبەتە کە ڕێگەی پێدەدات کاتی یارییەکە بگۆڕێت ئەگەر دەرکەوت دۆخی کەشوهەوا مەترسی لەسەر تەندروستی یاریزانان و هاندەران دروست دەکات.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی کەنەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگری دارستانەکان، لە ئێستادا 876 ئاگری چالاک لە کەنەدا هەن، کە 202یان لەژێر کۆنترۆڵ دەرچوون، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو ئاگرانەی لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تۆمارکراون، بەربەستی 3500 ئاگریان تێپەڕاندووە.

هاندەرانی تۆپی پێ بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی یاری کۆتایین، کە تێیدا ئەرژەنتین هەوڵدەدات نازناوی جیهانییەکەی بپارێزێت، لە کاتێکدا ئیسپانیا هیوادارە دوای یەکەمین تاجی لە ساڵی 2010، دووەم نازناوی مێژووی خۆی لە مۆندیالدا بەدەستبهێنێت.

سەرچاوە: ئاژانسەکان