بەغدا –INA

ئەمرۆ یەک شەممە،وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرای کرد، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغیی شەقامەکان، کار لەسەر پەرەپێدان و چالاککردنی شێوازی گواستنەوەی گشتی و بەکۆمەڵ دەکات.

حوسێن ئەحمەد کەربەلاوی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: شێوازی گواستنەوە لە عێراق بەسەر دوو بەشدا دابەش دیاریکراوە : یەکەمیان گواستنەوەی بەکۆمەڵە کە تایبەتە بە ڕێکخستنی پاسە ئەهلییەکان،و دووەمیان گواستنەوەی گشتییە کە پاسە حکومییەکان بەڕێوەی دەبەن.

راشیگەیاند : گەورەترین کێشە بریتییە لە نەبوونی ڕێڕەوی تایبەت بۆ پاسەکان، کە وادەکات لەگەڵ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان بکەونە ناو قەرەباڵغییەوە، هەروەها نەبوونی متمانەی هاووڵاتییان بە پابەندبوونی پاسەکان بە کاتەکان.

هەروەها هەنگاوەکانی ئێستا بریتین لەوەی کە وەزارەت خەتێکی نوێی لە بەغدا کە بەخەتی 43 ناسراوە کردۆتەوە و لە نەینەواش تاقیکردنەوەیەکی بۆ 10 مینی‌باسی نوێ دەست پێکردووە.

ووتیشی : پلانی داهاتووی وەزارەت لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانەکان بۆ دابینکردنی ڕێڕەوی تایبەت بۆ پاسەکان،ودروستکردنی وێستگەی ڕێکخراو، و کارکردن بە سیستەمی بەشداریی مانگانە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکە کوالێتی بەرزتر بێت.

جەختیشیکردەوە کە وەزارەت لە گواستنەوەی گشتی لە بۆنە نیشتمانی و وەرزشییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بۆیە بە باشترین ڕێکخستن،دەتوانرێت ببێتە بژاردەیەکی سەرەکی بۆ هاووڵاتییان و چارەسەرێکی گرنگ بۆ کێشەی هاتوچۆ.