بڕیارە ئەمشەوی پێنجشەممە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا وتارێک پێشکەش بکات سەبارەت بەو شتانەی کە کۆشکی سپی دەڵێت پاراستنی متمانەی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتیکردەوە وردەکاری زۆر بۆ ڕۆژنامەنووسان بخاتەڕوو، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەمەریکا "سەلامەتترین و پارێزراوترین هەڵبژاردن"ی هەبێت، بەڵام لیڤیت گوتی "ئەوەی سەرۆک ئەمشەو باسی دەکات، ئەوەت نشان دەدات کە ڕەنگە وا نەبێت و پێویستە لەمەولا هەندێک چاکسازی بکەین."
لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020ەوە، ترامپ چەندین جار جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردنەکە ساختەکاری لە دژی کراوە. سەرۆکی ئەمەریکا هەرگیز دانى بە شکستدا نەناوە لە هەڵبژاردنەکاندا.
جۆو بایدن وەک براوەی هەڵبژاردنەکە ڕاگەیەندراو یەک خولی سەرۆکایەتی ئەنجام دا.
لیڤیت گوتی " سەرۆک شتێکی زۆر گرنگ ڕادەگەیەنێت سەبارەت بە متمانەی هەڵبژاردنەکانمان.' ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە ، لە سەرەتای وتارەکەدا باس لە دۆخی ئێستای ئێران بکات و هەروەها ئابوریش. گفتوگۆمان لەسەر ئەو کردووە کە باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکات، شیانی زۆریش هەیە ئەم شەوبێت."
لیڤیت وتی هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمەریکا دژی ئێران لە وەڵامی پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردووبوو لەلایەن ئێرانەوە بە هێرشەکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
سەرۆک ترامپ ماوەیەکە داوا لە یاسادانەران دەکات یاسایەک دەربکەن کە بە یاسای پاراستنی ئەمەریکا ناسراوە، کە پێویستە دەنگدەران بەڵگەی وڵاتینامە پێشکەش بکەن لەکاتی ناو تۆمارکردن بۆ دەنگدان و نیشاندانی ناسنامەی پەسەندکراو لە شوێنەکانی دەنگداندا.
ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی دوو بڕگەیەکی پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، هەرچەندە تا ئێستا پشتگیری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات نەبووە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساکە لەوێ پەسەند بکرێت.
ئەوانەی دژی ئەم پڕۆژە یاسایەن دەڵێن، ئەو کەسانەی کە بەڵگەنامەی لەدایکبوون یان بەڵگەنامەی دیکەی پێویستیان نییە، مافی دەنگدانیان بێبەش دەکات و حاڵەتەکانی دەنگدانی ساختە لەڕادەبەدەر دەگمەنن.
بە پێی یاسای فیدراڵی ئەمەریکا پێویستە دەنگدەر هاووڵاتی ئەمەریکا بێت بۆ هەڵبژاردنی نیشتنمانی.



