فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەندامانی یەکەی 11ی گەشتی دەریایی سەر بە هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا ناسراو بە هێزی مارینز لە کەنداوی عومان بە مەبەستی پشکنین چوونە سەر کەشتی M/T Wen Yao .

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "تا ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا ڕێگەیان لە سێ کەشتی بازرگانی گرتووە کە هەوڵی پێشێلکردنی گەمارۆکە دەدەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سێ کەشتییە بازرگانییەکەدا، "کەشتییەکی پابەندنەبوویان تێکشکاند و چوونە سەر کەشتییەکی دیکە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران."

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند کە "تەنگەی هورمز و ئاوەکانی دەوروبەری بە ئازادی و کراوەیی ماونەتەوە، جگە لەو کەشتیانەی کە هەوڵی شکاندنی دیواری پۆڵاینی ئەمەریکا دەدەن".

ئەم ڕاگەیاندنەی سێنتکۆم دوای دوو کاژێربوو لە ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.

سێنتکۆم پێشتر ڕایگەیاند "ئەمڕۆ کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی ڕۆژهەڵات، هێزەکانی ئەمەریکا بۆ شەشهەمین شەو لەسەریەک شەپۆلێکی نوێی هێرشیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد بە مەبەستی زیاتر تێکدانی توانا سەربازییەکانی ئێران."