هەولێر - INA - ئیڤان ناسر
جەبار مستەفا ڕەسوڵ، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دیارترین بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەی پاککردنەوەی مین و پاشماوە جەنگییەکانی لە هەرێم خستە ڕوو؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی قوربانیانی مین ١٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و هەوڵدەدەن تا ساڵی ٢٠٣٠ هەرێم بەتەواوی لە مین پاک بکەنەوە.
سەرۆکی دەزگاکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "کێشەی پیسبوونی خاک بە مین بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و لە کاتی شەڕی عێراق-ئێران و دواتریش لە سەردەمی شەڕی داعشدا زیاتر بوو. ڕووپێوییەکی نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٦ نیشانی دا کە ٧٧٦ کیلۆمەتر دووجا لە خاکی هەرێم بە مین تەنراوە، و تا ئێستاش ١٣ هەزار و ٦١٩ کەس بوونەتە قوربانی (شەهید و بریندار)."
ڕەسوڵ ڕوونیکردەوە کە تا ئێستا توانیویانە ٥٦٣ کیلۆمەتر دووجا لە مین پاک بکەنەوە، بەڵام هێشتا ٢١٣ کیلۆمەتر دووجا ماوە کە بەم شێوەیە دابەشبووە: (١٠٥ کم لە سلێمانی، ٥٠ کم لە هەولێر، ٢٢ کم لە دهۆک، ١٧ کم لە هەڵەبجە و ئەوەی تریش لە ئیدارەی گەرمیان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە سەختیی ناوچە شاخاوییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا (لافاو و بەفر) دەبنە هۆی خلیسکان و گواستنەوەی مینەکان بۆ ناو دۆڵەکان و ئەو شوێنانەی پێشتر وەک ناوچەی ئارام ناسرابوون، ئەمەش وای کردووە پێویستیان بە ڕووپێوی و پاککردنەوەی بەردەوام هەبێت. هەروەها ونیی نەخشەی کێڵگە مینەکانی سوپای پێشووی عێراق لە هەشتاکاندا، کارەکەیانی قورستر کردووە.
سەرۆکی دەزگاکە گوتی: ١٣ هەزار و ٦٠٠ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، جگە لە شەهیدبوونی ٣٦ کارمەندی دەزگای مین و کەمئەندامبوونی ٦٥ کارمەندی تر لە کاتی کارکردندا." ئاماژەی بەوەش کرد کە قەزای پێنجوێن بە ١٠١٧ شەهید زیاترین زیانی بەرکەوتووە، دواتریش قەزاکانی چۆمان و ئامێدی دێن.
جەبار مستەفا جەختی کردەوە کە هەماهەنگییەکی باشیان لەگەڵ فەرمانگەی مینی فیدراڵی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق هەیە و سەردان و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان هەیە. سەبارەت بە پلانی داهاتووش گوتی: "بەهۆی قەیرانی دارایی و ئەمنی، ئامانجی ساڵی ٢٠٢٨ بۆ پاککردنەوەی تەواوی هەرێم دواکەوتووە، بەڵام ئەگەر پاڵپشتیی دارایی پێویست هەبێت، ئامانجمانە تا ساڵی ٢٠٣٠ بگەیەنە (سفر مین)."
لە کۆتاییدا، داوای لە هاووڵاتییان کرد لە وەرزی بەهاردا کە ڕوو لە سەیرانگەکان دەکەن وریا بن و هەر تەنێکی گوماناوییان بینی، لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (١٨٢ )ەوە دەزگاکەیان ئاگادار بکەنەوە



