بەدواداچوون – INA

میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایانگەیاند کە بەهۆی هێرشێکی ئەمریکاوە بۆ سەر شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران، حەوت کەس بریندار بوون، هاوکات دەنگی چەندین تەقینەوە لە دوورگەی قیشم و شاری بوشەهر بیستراوە.

ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی بڵاویکردەوە: "هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر شاری بەندەر عەباس بووەتە هۆی برینداربوونی حەوت کەس."

لە لایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە، دەنگی هەشت تەقینەوە لە نزیک گوندی (مەسن) لە دوورگەی قیشم لە باشووری وڵاتەکە بیستراوە.

لە هەمان چوارچێوەدا، ئاژانسی "ئیرنا" بیستنی دەنگی دوو تەقینەوەی لە شاری بوشەهر لە باشووری ئێران پشتڕاست کردەوە.

هاوکات ئاژانسی "تەسنیم" ڕایگەیاند کە هێرشەکە بورجێکی پەیوەندییەکانی لەسەر گردێک لە شاری بەندەر عەباس کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لەو ناوچەیەی کە کراوەتە ئامانج.