بەغدا – INA– نەسار حاج
وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک گرێبەستی نێودەوڵەتییان بۆ دابینکردنی سیستەمی ئاودێریی مۆدێرن بۆ ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی واژۆ کردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا.
مەهدی سەهر جبووری، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کەرتی کشتوکاڵ لە عێراقدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی داهاتی ئاو، کەمیی بارانباران و مەترسییەکانی وشکەساڵی."
جبووری ئاشکراشی کرد کە چەند کێشەیەک لە پڕۆسەی بازاڕکردن (جیاکردنەوە و پاکەتکردن)ی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ هەناردەکردن هەن، ڕوونیشیکردەوە کە پڕۆسەی بازاڕکردن بایەخێکی زیادە بۆ بەرهەمەکان دروست دەکات، لەجیاتی ئەوەی تەنها وەک کەرەستەی خاو هەناردەی دەرەوە بکرێن.
باسی لەوەش کرد، کێشەی بەفیڕۆچوون لە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و سەوزەواتدا هەیە، بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵ سیاسەتێکی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاو گرتووەتە بەر، ئەویش لە ڕێگەی گۆڕینی کێڵگەکان بۆ مۆدێرن و بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێریی نوێ.
وتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش دا، گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی جیهانیی بەناوبانگ کراوە بۆ دابینکردنی زیاتر لە ١٣ هەزار سیستەمی ئاودێری بۆ ڕووبەری نزیکەی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی، بە شێوەیەک کە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەسترێت تاوەکو فشار لەسەر ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کەم بکرێتەوە؛ ئەمەش جگە لە پاراستنی بەرهەمی کشتوکاڵی، دەبێتە هۆی دابینکردنی بڕی زیاتری ئاو بۆ خواردنەوە و کەرتە پیشەسازییەکان
ئاماژەی بەوەش کرد: "پڕۆژەی تەکنەلۆژیای ئاودێری و میکانیزەبوونی مۆدێرن بە ڕێژەی ٣٠٪ پاڵپشتی دارایی بۆ کڕینی سیستەمەکانی ئاودێری دابین دەکات، هەروەها ساڵی یەکەم وەک مۆڵەت دیاریکراوە و ماوەی ١٠ ساڵیش دراوەتە جووتیاران بۆ گەڕاندنەوەی قیستی بڕە پارە ماوەکە."
ڕوونیشیکردەوە: "فەرمانگەی ڕێنمایی و مەشقکردنی کشتوکاڵی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکان، کار دەکەن بۆ ئاڕاستەکردنی جووتیاران بەرەو بەکارهێنانی ئەو جۆرە تۆوانەی بەرهەمیان زۆرە و بەرگەی وشکەساڵی دەگرن، بەتایبەت ئەو جۆرانەی لەلایەن فەرمانگەی توێژینەوە کشتوکاڵییەکانەوە پەرەیان پێ دراوە
جبووری ڕوونیکردەوە کە کەرتی کشتوکاڵ زیاتر لە ٧٠٪ی ئەو ئاوەی دێتە عێراق بەکار دەهێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد: "بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێریی مۆدێرن بووەتە هۆی دەستپێوەگرتن بە ئاو و زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان؛ بەتایبەت لە چوار ساڵی ڕابردوودا کە توانراوە لە بەرهەمی گەنم وەک دانەوێڵەیەکی ستراتیژیی گرنگ و چەندین بەرهەمی تری خۆراکیدا، خۆبژێوی مسۆگەر بکرێت
جبووری ئاماژەی بەوەش کرد کە جۆرە نوێیەکانی دانەوێڵە، بەرهەمە پیشەسازییەکان، سەوزەوات و ئالیک بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بۆ جووتیاران دابین کراون، جگە لە ئاڕاستەکردنیان بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای "ڕێکخستنی زەوی بە لەیزەر"؛ جەختیشی کردەوە کە ئەم حزمە تەکنەلۆژییە گشتگیرە ڕۆڵی هەبووە لە زیادکردنی بەرهەم، باشترین بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی سەرچاوەکان.
لە کۆتاییدا، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ داوای کرد گرنگییەکی زۆر بە پڕۆسەی بازاڕکردن بدرێت، لەوانە دروستکردنی کۆگای ساردکەرەوە و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گواستنەوەی بەرهەمەکان، جگە لە دامەزراندنی سەنتەری مۆدێرنی بازاڕکردن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ دەرەوەی عێراق بە باشترین شێوە؛ ئەمەش بە مەبەستی زیادکردنی بایەخی ئابووریی بەرهەمەکان، بەدیهێنانی قازانجی زیاتر و گەیشتن بە خۆبژێویی تەواو بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ.


