هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، عومەر ئەحمەد ئەبو قاسم ناسراو بە فەرماندەی قەناس بەدەستەکانی باڵی سەربازی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کوژراوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ئیسرائیل کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، "ئەبو قاسم هەوڵی ڕێکخستنەوەی یەکەی قەناس بەدەستەکانی حەماسی دەدا و لە چەند مانگی ڕابردوودا پلانی هێرشی زیاتری دژ بە هێزەکانی ئیسرائیلی دانابوو. ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چالاکییە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستە".

هەروەها لە بەیاننامەیەکی جیادا باس لەوەش کراوە کە دوێنێ لە ناوچەی بەیت یاهون لە باشووری لوبنان سێ چەکدار کوژراون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئیسرائیل، ئەوان چەک و کەرەستەی سەربازییان پێبووە و لە ناوچەی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.

هێزەکانی ئیسڕائیل ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی دژی ئەو ئەندامانەی حزبوڵا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نەهێشتنی هەڕەشەکان بۆ سەر سەربازانی ئیسرائیل لەو ناوچەیە ئەنجام دراوە.