دیوانییە - INA- سیفات عەزاوی
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیوانییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وردەکارییەکانی پلانی ئەمنیی تایبەت بە زیارەتی چلەی ماتەمینی ڕاگەیاند، کە تێیدا زیاتر لە ١٤ هەزار کارمەندی ئەمنی لە هەموو جۆرەکان بەشدارن و پلانەکەش چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عەمید عەلی هادی مەهدی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە فەرماندەیی پۆلیسی دیوانییە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پلانەکە لە سەعات ٦ی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە (١ی سەفەر) دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ئابی ٢٠٢٦ (٢٥ی سەفەر) بەردەوام دەبێت. ئامانج لە پلانەکە ڕێگریکردنە لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆیە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا ٨٠٠ ئەفسەر و ١٠ هەزار کارمەند لە صنوفە جیاوازەکان بەشدارن، جگە لە دوو هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییە پاڵپشتەکان و دوو هەزار کارمەندی تری دەستەی حەشدی شەعبی."
ڕوونیشیکردەوە: "هێزەکان بەسەر ٩ تەوەرەی ئەمنیدا دابەش دەبن کە سنوورەکانی پارێزگای دیوانییە لەگەڵ پارێزگاکانی (زیقار، واست، موسەننا، نەجەف و بابل) دەگرێتەوە، ئەمەش بەپێی قاطعە ئەمنییەکان و پانتایی هەر ناوچەیەک ڕێکخراوە."
باسی لەوەش کرد: "هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان، هاوکات هێزێکی تایبەت ڕاسپێردراوە بۆ چاودێریکردنی کارگەکانی سەهۆڵ، وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو (RO) و چۆنیەتی دابەشکردنیان."
جەختیشی کردەوە: "فەرمان دراوە بە سەرجەم فەرماندەی تەوەرە و یەکە ئەمنییەکان کە هاوکاری تەواوی ڕۆژنامەنووسان، میدیاکاران، پەیامنێرانی کەناڵە ئاسمانییەکان، ئاژانسەکانی هەواڵ و ڕادیۆ ناوخۆییەکان بکەن و ڕێگەیان پێ بدەن ڕووماڵی مەراسیمی زیارەتەکە بکەن، بە مەرجێک لە بارەگا ئەمنییەکان نزیک نەبنەوە."
ئەوەشی خستە ڕوو: "پلانەکە قەدەغەکردنی هاتووچۆی هەر جۆرە ئۆتۆمبێلێک لەو ڕێگایانەی بۆ پیادە تەرخانکراون دەگرێتەوە، هەروەها بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ وێنەگرتن و ڕووماڵی میدیایی قەدەغەیە، تەنها بۆ ئەو لایەنانە نەبێت کە مۆڵەتی فەرمییان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە هەیە، بە پێچەوانەوە هەر درۆنێکی سەرپێچیکار دەستی بەسەردا دەگیرێت
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ٣٠ ناوەند بۆ ڕێنماییکردنی ونبووەکان کراونەتەوە، هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئەمبوڵانسەکانی تەندروستی لە سەرانسەری قاطعەکەدا جێگیرکراون. داواش لە هاووڵاتییان و میدیاکاران کراوە بۆ هەر بارودۆخێکی کتوپڕ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (٩١١)ەوە بکەن.
