بەدواداچوون – INA

ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، هەوادارانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان چاوەڕوانی یاریی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦ دەکەن، کە تێیدا هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی هەڵگری نازناو و هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێزدا بۆ یەکلاکردنەوەی گەورەترین قۆناغی مێژووی جامی جیهانی، بەیەک دەگەن.

هەردوو هەڵبژاردەکە بە تۆمارێکی هاوسەنگەوە دەچنە نێو یاریی کۆتایی؛ لە ١٤ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشووی نێوانیاندا، هەر لایەکیان ٦ سەرکەوتنیان تۆمار کردووە و لە ٢ یاریشدا یەکسان بوون، ئەمەش ڕادەی ئەو ململانێیە توندە نیشان دەدات کە لە مێژووی هەردوو هەڵبژاردەکەدا هەبووە.

گەورەترین سەرکەوتن لە مێژووی یارییەکانی نێوانیاندا، بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەگەڕێتەوە کە لە یارییەکی دۆستانەدا لە ساڵی ٢٠١٨ بە ئەنجامی (٦-١) لە مەدرید سەرکەوتنی بەسەر ئەرجەنتیندا بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا ئەرجەنتین لە چەندین وێستگەی دیکەدا سەرکەوتنی گرنگی تۆمار کردووە، بەوەش باڵادەستیی مێژوویی لە نێوانیاندا بە یەکسانی ماوەتەوە.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ پاراستنی نازناوەکەی، پشت بە ئەزموونی یاریزانەکانی و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ یارییە گەورەکاندا دەبەستێت، بەتایبەت کە توانیویەتی بۆ دووەمجار لەسەریەک بگاتە یاریی کۆتایی.

لە بەرامبەردا، ئیسپانیا بە متمانەیەکی زۆرەوە دەچێتە یارییەکەوە، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە درێژەی پاڵەوانێتییەکەدا پێشکەشی کردووە؛ تیمەکەی ماتادۆر پشت بە کۆمەڵێک یاریزانی لاو دەبەستێت کە خێرایی و وزەیەکی زۆریان بە تیمەکە بەخشیوە، جگە لەو دیسپلینە تاکتیکییەی کە لە سەرەتای مۆندیالەکەوە پێی ناسراون.

چاودێران پێیان وایە چانسی هەردوو هەڵبژاردەکە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە یەکسانە، ئەمەش بەهۆی نزیکیی ئاستی تەکنیکی و ژمارەیی هەردوولا؛ چاوەڕوانیش دەکرێت وردەکارییە بچووکەکان و قۆستنەوەی هەلەکان ببێتە هۆکاری یەکلاکردنەوەی ناسنامەی پاڵەوانی جیهان.

ئەم یارییە کۆتاییە، نازناوی مۆندیالی ٢٠٢٦ دەبەخشێتە یەکێک لەو دوو هەڵبژاردەیە و پێشبینی دەکرێت ببێتە یەکێک لە دیارترین یارییەکانی مێژووی مۆندیال، لەبەر ئەو میراتە وەرزشییە گەورەیەی هەردوو وڵات هەیانە.