بەغداد – INA – ئایە مەنسوور

کچە گەنجی عێراقی، کاترین وەسیم، سەرکەوتوو بوو لە بەدیهێنانی خەونەکەیدا بۆ ئەوەی ببێتە فڕۆکەوان لە ئوسترالیا، ئەمەش دوای گەشتێکی دوورودرێژ لە تەحەددیات کە لە بەجێهێشتنی عێراقەوە دەستی پێکرد، بە تورکیادا تێپەڕی، تا گەیشتە ئوسترالیا. لەوێ بەردەوام بوو لە خوێندن و ڕاهێنانەکانی تاوەکو مۆڵەتی فڕینی بازرگانی بەدەستهێنا، و بەمەش ئامادەییەکی بەرچاوی لەنێو ڕەوەندی عێراقیدا تۆمارکرد.

کاترین بە یەکێک لە دەموچاوە گەنجە عێراقییە دیارەکان لە تاراوگە دادەنرێت، کە ئەندامانی ڕەوەندەکە چیرۆکەکەی وەک یەکەم فڕۆکەوانی کچی عێراقی لە ئوسترالیا دەگێڕنەوە، لە ئەزموونێکدا کە ڕەنگدانەوەی پێداگری گەنجانی عێراقییە بۆ بەدیهێنانی تەماحەکانیان سەرەڕای بارودۆخی کۆچبەری و غەریبی.

باوکی کاترین لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "خەونەکەی کاترین دوای دەرچوونی لە قۆناغی ئامادەیی دەستی پێکرد، کاتێک بە ئارەزووی خۆی بۆ خوێندنی فڕۆکەوانی سەرسامی کردم، بڕیارەکە چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام بڕیارمدا لە یەکەم ساتەوە پاڵپشتی بکەم."

هەروەها وتی: "بڕوابوونم بە جدییەتی کچەکەم زیاتر بوو دوای ئەوەی هەستم بە قەبارەی پابەندبوونی بە خوێندن و ڕاهێنانەوە کرد، چونکە چەندین کاتژمێری دوورودرێژی بە ئامادەکردنی وانەکان و بەخەبەرهاتن پێش بەرەبەیان بەسەر دەبرد، ئەمەش بۆی سەلماندم کە بابەتەکە تەنها ئارەزوویەکی کاتی نەبووە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ژیان بووە کە هەوڵی بەدیهێنانی داوە."

لە لای خۆیەوە، کاترین ڕوونیکردەوە: "بەدەستهێنانی نمرەی 95٪ لە یەکەم تاقیکردنەوەی فڕیندا، خاڵێکی وەرچەرخانبوو لە کاروانەکەیدا، و متمانەی پێبەخشی بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکان و بەردەوامبوون تا گەیشتن بە ئامانجەکەی."

هاوكات باوکی ئاماژەی بەوەکرد: کە "خێزانەکەی لە سەرەتای ڕێگاکەدا هەستیان بە دڵەڕاوکێ دەکرد؛ بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتی و مەترسیانەی کە لە بواری فڕۆکەوانیدا هەن، جگە لە ئەگەری غەریبی و دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەی، بەڵام ئەم دڵەڕاوکێیە وردە وردە گۆڕا بۆ هەستکردن بە شانازی لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا کە کچەکەی دەیناوە."

سەبارەت بە قورسترین قۆناغەکانی گەشتەکە، ڕوونیکردەوە: کە "ماوەی مانەوە لە تورکیا دژوارترین بوو، کە نزیکەی دوو ساڵ و نیوی خایاند، و لەو ماوەیەدا کاترین نەیتوانی بچێتە قوتابخانە دوای ئەوەی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا عێراقی بەجێهێشت، ئەمەش ترسی لای من دروستکرد سەبارەت بە داهاتووی خوێندنی کچەکەم."

وتیشی: "گەیشتنی خێزانەکەمان بۆ ئوسترالیا خاڵێکی دەستپێکی نوێ بوو، چونکە کاترین بە پێداگری و کۆشش قەرەبووی ساڵانی دابڕانی کردەوە، و توانی لە ڕووی ئەکادیمییەوە سەرکەوتووبێت پێش ئەوەی دەست بە خوێندنی فڕۆکەوانی بکات."

باوکی، یەکەم گەشتی فڕینی تاکی (بەتەنیا) کچەکەی بە یەکێک لە کاریگەرترین ساتەکانی ژیانی وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "هەستی بە تێکەڵەیەک لە ترس، سەرسوڕمان و شانازی کردووە کاتێک درکی بەوە کردووە کە کچەکەی بە تەنیا فڕۆکەیەک لێدەخوڕێت."

باوکی هیوای خۆی خواست کە "کچەکەی ڕۆژێک لە ڕۆژان گەورەترین خەونی خۆی بەدیبهێنێت کە ئەویش لێخوڕینی فڕینێک بێت بۆ عێراق،" و جەختی لەوەکردەوە کە "بینینی فڕۆکەوانێکی کچی عێراقی کە سەرکردایەتی فڕۆکەیەک بکات کە هاووڵاتیانی عێراقی هەڵگرتبێت، سەرچاوەی شانازی دەبێت بۆ خێزانەکە و بۆ سەرجەم ڕۆڵەکانی نیشتمان."

لە نوێترین دەستکەوتەکانیدا، کاترین نزیکەی مانگێک لەمەوبەر مۆڵەتی لێخوڕینی فڕۆکەی فرە بزوێنەری (Multi-Engine Rating) بەدەستهێنا، کە ئەمەش هەنگاوێکی پێشەنگە لە کاروانی پیشەیی خۆیدا، و دەرفەتەکانی بۆ کارکردن لە کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی بازرگانی و تەواوکردنی ڕێگاکەی بەرەو لێخوڕینی گەشتە ئاسمانییەکان زیاتر دەکات.