هەولێر - INA

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەوحەی پایتەختى قه‌ته‌ر، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پرسەی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی دەوڵەتی قەتەر کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەوحەی پایتەختى قه‌ته‌ر، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پرسەی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی دەوڵەتی قەتەر کرد و له‌لايه‌ن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر پێشوازی لێ كرا.

سه‌رۆكی حکومەت، بە ناوی خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی میری دەوڵەتی قەتەر و بنەماڵەکەیان و گەلی قەتەر کرد و هيواى خواست خوای مەزن گيانى کۆچکردوو بە بەهەشت شاد بکات و ئارامى و دڵنه‌وايى بە هەمووان ببەخشێت.

میری قەتەڕ ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوخەمی و بەشداری سەرۆکی حکومەت لە پرسەکەیاندا دەربڕی .