بەغداد – INA

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەباح نوعمان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند: ڕێنمایی لەلایەن فەرماندەی گشتییەوە دەرچووە بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی ئەمنی تەکنیکی هاوبەش کە تایبەت بێت بە داڕشتنەوە و کێشانی نەخشەی تایبەتمەندییەکانی پەیوەندی نێوان بەغداد و واشنتۆن بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سیی ئەیلوولی داهاتوودا.

نوعمان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "عێراقیە نیوز" كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، رایگەیاند: "سەردانەکە دیدارێکی گرنگی بەخۆیەوە بینی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ وەزیری جەنگی ئەمریکادا کۆکردەوە، و ئەم دیدارەش لە دوای ئەو گفتوگۆیانە هات کە لە نێوان سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپدا ئەنجامدرابوون".

نوعمان ڕوونیکردەوە: "شاندە عێراقییەکە بە ڕوونی هەستی بە متمانە و گرنگیپێدانی زۆری لایەنی حکومەت و ئیدارەی ئەمریکا کردووە بەو هەنگاو و چاکسازییە جدییانەی کە حکومەتی عێراق گرتوویەتیەبەر، و ئەم ئاڕاستەیەش پاڵپشتییەکی ڕەهای وەزارەتی جەنگی ئەمریکای بەدەستهێناوە بۆ زیادکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانمان".

وتیشی: "بنیاتنراو لەسەر دەرئەنجامەکانی ئەم دیدارە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕێنمایی داوە کە دوای گەڕانەوە بۆ نیشتمان، لێژنەیەکی ئەمنی و تەکنیکی تایبەتمەند پێکبهێنرێت کە تایبەت بێت بە داڕشتنەوە و کێشانی پەیوەندی نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەش لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە بڕیارە لە سیی ئەیلوولی داهاتوودا بێت". ئاماژەی بەوەشکرد: "تەرکیز لە قۆناغی داهاتوودا لەسەر بەهێزکردن و پەرەپێدانی توانای تەکنیکی، تەکنەلۆژی و ئەمنی دەبێت، لەگەڵ تەرکیزێکی زۆر لەسەر ئاسایشی سایبەریی هێزە چەکدارەکانمان، چونکە ئەوان بەرپرسیار و دەستەبەرکەری سەرەکین بۆ سەروەری و پاراستنی عێراق لە وشکانی، دەریا و ئاسماندا".

لە وەڵامی ئاڕاستە نوێیەکانی ئەمریکادا کە ئامانجیان گۆڕانکارییە بەرەو هاوبەشیی گەشەپێدان، نوعمان جەختیکردەوە: "هاوبەشیی ئابووری نوێنەرایەتی جەوهەر و کۆڵەکەی سەرەکی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان بەغداد و واشنتۆن دەکات". هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە "دۆسیەی ئەمنی و دۆسیەی ئابووری دوو ڕێڕەوی لێکدانەبڕاون، چونکە ناتوانرێت گەشەپێدان یان بزووتنەوەی وەبەرهێنانی ئازاد و سەقامگیر بەدی بهێنرێت بەبێ بوونی کەشێکی ئەمنی تەواوکار و جێگیر کە پارێزگاری لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی بکات".

سەبارەت بە ئامادەیی هێزەکانی عێراق، نوعمان جەختیکردەوە: کە "هێزە ئەمنییەکانمان لە دوای شەڕە گەورەکانی ڕزگارکردنەوە کۆنترۆڵی تەواوی خۆیان بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا سەپاندووە و توانیویانە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان تێکبشکێنن و شکستپێبهێنن"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی لە ئێستادا لێهاتوویی و توانای ژمارەیی پێویستی هەیە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان و پاراستنی سەرجەم شوێنە گرنگەکان، و پێداویستی ئێستا تەنها سنووردارە بە لایەنە چۆنایەتییەکانی تایبەت بە پڕچەککردنی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای سەربازیی سەردەمیانە".

وتیشی: "شاندە عێراقییەکە هەستی بە تێگەیشتن و پاڵپشتییەکی بەرفراوان بۆ ئەم دیدگایە کردووە لەلایەن ناوەندە جیاوازەکان و ناوەندەکانی بڕیاردان لە واشنتۆن، بەدەستپێکردن لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ، تێپەڕبوون بە وەزارەتی بەرگری، و گەیشتن بە لێژنەکانی پڕچەککردن و هێزە چەکدارەکان لە کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا". جەختیشیکردەوە کە "ئەم پاڵپشتی و پێشوازییە دەرئەنجامێکی ڕاستەقینەی متمانەی هاوبەشەکانە بە سیستمی ئەمنی و ئەو سەقامگیرییە کۆمەڵایەتییە بەرجەستەیەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەیەکی پێوانەییدا بنەماکانی داڕشتووە".