بەغداد – INA
سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی و وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، باسیان لە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە – عەقەبە کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە واشنتۆن، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفدی کرد، ئەوەش لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا"، ئاماژەی بەوەشکرد: کە "سەرۆک وەزیران لە کاتی دیدارەکەدا، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن شا عەبدوڵا كوڕی حسێنی دووەمەوە پێگەیشت بۆ سەردانیکردنی شانشینی ئوردن".
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا، تاوتوێی ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان، و دەرفەتی بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتە جیاوازەکانی ئابووری و گەشەپێدان، و بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە و تەواوکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای نێوان هەردوو وڵات کرا، بە شێوەیەک کە خواست و بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست بەدیبهێنێت"، ئاماژە بەوەش کراوە کە "دیدارەکە باسی لە پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە و جیهان کرد، کە تێیدا بیروڕا لەسەر دیارترین ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هاوبەشن ئاڵوگۆڕ کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی بژاردە دیپلۆماسییەکان لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا".
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئوردن سڵاوی شای ئوردنی گەیاندە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و جەختی لە "پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی دەرفەتەکانی هاوبەشی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات".

.jpg)

