میسان - INA - نەجم عەبدوڵا

کۆمیسیۆنی باڵای خزمەتگوزاری بۆ سەردانە ملیۆنییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیری بۆ سەرخستنی سەردانی چلەی ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێبێت) ڕاگەیاند.

جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی لیژنەی باڵای خزمەتگوزاری بۆ سەردانە ملیۆنییەکان، عەلی ڕەزووقی لامی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "حکومەت پلانێکی گشتگیری بۆ سەرخستنی سەردانی چلەی ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێبێت) ئامادەکردووە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەو ئامانجەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی نایاب بە سەردانیکەران مسۆگەر بکات."

لامی لە میانەی بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیدا لە دەروازەی سنووریی "شەیب" ڕوونیکردەوە: "دۆسیەی گواستنەوە بە دیارترین تەحەدا لەم سەردانەدا دادەنرێت، و سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرە ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە، هاوکات لەگەڵ دابینکردنی پاسی گەورە بۆ گواستنەوەی سەردانیکەران بە شێوەیەکی ئاسایی، جگە لە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ ڕێگەدان بە چوونەژوورەوەی پاسەکانی ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسەکانی گواستنەوەدا."

وتیشی: "حکومەت زنجیرەیەک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ ئاسانکاری لە پەڕینەوەی سەردانیکەران، لە نێویاندا بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی هەردوو سیستمی پاسپۆرتی عێراقی و ئێرانی بۆ کەمکردنەوەی کاتی ڕاییبوونی مامەڵەکانی چوونەژوورەوە، لە پاڵ پشتگیریکردنی دەروازە سنوورییەکان بە وزەی کارەبا و ئاو، و بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و فریاگوزارییەکان لەسەر ڕێڕەوی سەردانیکەران."

دوپاتیشیکردەوە: "تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە هەماهەنگییەکی بەرزەوە کار دەکەن بۆ سەرخستنی ئەم سەردانە، بە جۆرێک کە ڕەوتی هاتوچۆی سەردانیکەران و دابینکردنی باشترین خزمەتگوزارییان بۆ مسۆگەر بکات."