بەغداد – INA

دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە، هۆشداری دایە سەرانەسێنەران لە قۆستنەوەی هەڵمەتی ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "دەیەوێت بۆ ڕایگشتی ڕوونی بکاتەوە کە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرک و فەرمانانەی کە یاسا بۆی دیاریکردووە، لەوانەش ڕێوشوێنەکانی ئەم دواییەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ڕاوەدوونانی دەستدرێژیکاران بۆ سەر ماڵی گشتی، و ئەو ئۆپەراسیۆنە جۆرییانەی کە کارمەندانی لە بەغدا و پارێزگاکان ئەنجامیانداوە، هەموویان بەپێی ڕێڕەوە یاساییەکان و لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری بەڕێوەدەچن."

دەستەی دەسپاکی داوای لە دامەزراوە فەرمییەکان، وەبەرهێنەران و سەرجەم هاوڵاتیان کردووە کە دڵنیابنەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانەی پەیوەندییان پێوە دەکەن، هەنێک کەس بە مەبەستی سەرانەسەندن و سازشپێکردن، ناسنامەی کارکردن لە دەستەکە ساختە دەکەن و هەڵمەتی هاوبەشی دەستەکە لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن دەقۆزنەوە بۆ ترساندنی خەڵک لەپێناو مەرامە گڵاوەکانیاندا.

رونیشیكردەوە: وەڵامی هیچ کەسێک نەدەنەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان پەیوەندییان پێوە دەکات و بانگەشەی کارکردن لە دەستەکە دەکات.

ئاشكراشیكرد: بەپەلە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بێبەرامبەری دەستەکەوە بە ژمارەی (154) بکەن؛ بە مەبەستی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا .