بەغداد - INA
کۆمپانیای دۆزینەوە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ کۆمپانیای زنھوی چینی، گرێبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەی کێڵگەی ئەبو خێمەی لە پارێزگای موسەنا واژۆ کرد.
نووسینگەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "بە چاودێری وەزیری نەوت، باسم محەمەد خزەیر، و بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، نەسیر عەزیز، کۆمپانیای دۆزینەوە نەوتییەکان گرێبەستی جێبەجێکردنی کارەکانی ڕووپێوی بوومەلەرزەیی لەگەڵ کۆمپانیای زنھوی چینی واژۆ کرد بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی کێڵگەی ئەبو خێمە لە پارێزگای موسەنا، لە چوارچێوەی خولی مۆڵەتدان (پاشکۆی خولی پێنجەم و خولی شەشەم)، بەو مەرجەی ستافە نیشتمانییەکان جێبەجێکردنی کارەکان لە بەرژەوەندی کۆمپانیا چینییەکە بگرنە ئەستۆ."
بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، نسصیر عەزیز، بەپێی بەیاننامەکە جەختیکردەوە: کە "گرێبەستەکە لەگەڵ ئاراستەکانی وەزارەتی نەوتدا دەگونجێت بۆ پشتبەستن بە نوێترین تەکنەلۆجیا لە بەرنامەکانی دۆزینەوەدا، بە جۆرێک کە زانیاریی بوومەلەرزەیی ورد دابین بکات کە پاڵپشتی هەڵسەنگاندنی پێکهاتە جیۆلۆجییەکان بکات و هەلی دۆزینەوەی کۆگای نوێ بەهێز بکات، هەروەها بەشدار بێت لە زیادکردنی یەدەگی نەوت و گاز و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکاندا، لەپاڵ بەهێزکردنی قەبارەی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی کە لە عێراق کار دەکەن."
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دۆزینەوە نەوتییەکان، ئوسامە ڕەشید، ڕوونیکردەوە: کە "گرێبەستەکە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگ دەکات بۆ پەرەپێدانی کارەکانی ڕووپێوی بوومەلەرزەیی"، ئاماژەی بەوەشکرد: "جێبەجێکردنی کارەکە بە دەستی ستافە نیشتمانییەکان دەبێت، ئەمەش توانایەکی تەکنیکییان پێدەبەخشێت و ڕۆڵیان لە ئەنجامدانی پڕۆژە دۆزینەوەییەکاندا چەسپاوتر دەکات، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆجیاکان و بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان."
