هه‌ولێر – INA

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی فرەنسا، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی ئیمانوێل ماكڕۆن و تەواوی گەلی فرەنسا كرد.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامە پیرۆزباییەكەدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ْX) بڵاوی كردۆتەوە، نووسیویەتی "لە ڕۆژی نیشتمانیی فرەنسادا، هاوشانی گەلی فرەنسا بەهاکانی ئازادی، یەکسانی، برايه‌تى و دیموکراسی به‌رز ڕاده‌گرين کە لەم ڕۆژە مێژووییيه‌دا‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بن".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها نووسیویەتی "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک کۆمار ئیمانوێل ماکرۆن و گەلی فرەنسا دەکەم، فەرەنسا هه‌ميشه‌ دۆستێکی دڵسۆز و هاوبەشێکی جێگەی متمانەی هەرێمی کوردستان بووە".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە "هەمیشە ئه‌وپه‌ڕى پێزانینمان هەیە بۆ فره‌نسا كه‌ لە سەخترین قۆناغەکاندا به‌رده‌وام پشتيوانمان و پابەندى چەسپاندنی ئاشتی، سەقامگیری و بەها هاوبەشەکانمان بووە".

لە كۆتایی پەیامە پیرۆزباییەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشداوە "بەو هیوایەی دۆستایەتیی هەمیشەیيی نێوان فرەنسا و هەرێمی کوردستان، هەمیشە بەرەو گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو بنێت".