سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە باکوری غەززە، چوار ئەندامی حەماس لە نێویاندا ئوسامە نەعیم حەمدی، فەرماندەی یەکینەکانی دەریایی گروپەکە کوژراون.
هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، حەمدی کاری کردووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی توانا دەریاییەکانی حەماس و فراوانکردنی چالاکییەکانی لە بواری دەریایی.
لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسڕائیلدا ئاماژە بەوە کراوە، لە هێرشێکی ئاسمانی هاوشێوەدا لە باکووری کەرتی غەززە سێ ئەندامی بزووتنەوەی حەماس کوژراون، کە سوپای ئیسرائیل بە "چەکدار و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل" وەسفی کردوون.
ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی لە باشووری کەرتی غەززە "بەردەوامن لە چالاکییەکانیان بەپێی ئەو ئەرکانەی بۆیان دیاریکراوە."
ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی تا ئەو کاتەی "هەموو هەڕەشەکان" بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی مەدەنی و دەوڵەتی ئیسرائیل لەناو دەبەن.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: "هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لەژێر فەرماندەیی باشوور لە ناوچەکە جێگیرکراون، بەپێی ڕێککەوتنەکە، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ".


