هه‌ولێر -INA

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، ئامادەکارییەکانی بۆ دەرکردنی پاكێجێکی نوێ لە ڕێنمایی و بڕیاری یاسایی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی پرسە و بۆنە ئایینییەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند.

ئەم بڕیارە نوێیانە دوای ئەوە دێن کە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ بەشێک لە دەستەی کارگێڕیی هۆڵی بۆنە ئایینییەکان کۆبووەوە و جەختی لەسەر کەمکردنەوەی ماوەی پرسەکان کردەوە

هەروەها ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا بۆ داڕشتنی ڕێساکان پێکهێنراوە تاوەکو لە هەفتەی داهاتووەوە بڕیارەکان بە فەرمی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە کە تەواویاندا لە بەرژەوەندیی گشتی و خاوەن پرسەکاندایە.

بەپێی ڕێسا نوێیەکان، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت پرسە لە یەک ڕۆژ زیاتر درێژە بکێشێت، و هاوکات دانانی یەک پرسە لە دوو شوێنی جیاواز یان گواستنەوەی بۆ شارێکی دیکە لە ڕۆژی دووەمدا بە تەواوی قەدەغە دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە دارایی و دەروونییە قورسەی کە لەم جۆرە بۆنانەدا دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵەی کۆچکردووان.

یەکێکی دیکە لە خاڵە هەرە گرنگ و جێی سەرنجەکانی ئەم ڕێنمایییە نوێیانە، تایبەتە بە پرسی قورئانخوێنانی ناو پرسەکان؛ بە جۆرێک بەپێی بڕیارەکە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک لە لایەن قورئانخوێنەکانەوە بە فەرمی قەدەغە دەکرێت.

هاوکات تەواوی ئەو کەسانەی لە هۆڵ و مزگەوتەکاندا قورئان دەخوێنن، دەخرێنە ژێر تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی توندەوە بۆ پشکشینی شیاویی دەنگ، مەقاماتی خوێندنەوە و شێوازی جلوبەرگەکەیان، و تەنها پاش سەرکەوتنیان باجێکی تایبەتییان پێدەدرێت کە بەبێ ئەو باجە ڕێگەیان پێنادرێت لە چوارچێوەی زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت و سەدان هۆڵی هەرێمدا کار بکەن.