بەغداد - INA
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، دابەزینی ڕێژەی تاوانەکانی لە وڵاتدا بە ڕێژەی ١٨٪ لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی دوو هەزار کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و تۆمارکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن سزای هاتوچۆ کرد.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦، شاهیدی دابەزینی ئاستی تاوانەکان بووە بە ڕێژەی ١٨٪ بە بەراورد بە هاوشێوەکانی لە ساڵانی ڕابردوودا."
وتیشی: "هەروەها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، دەست بەسەر هەزار و ٩٧٧ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە، سەرەڕای دەستگیرکردنی ٣,٥٥٣ تۆمەتبار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر، کە سزای لەسێدارەدان بەسەر ٥٨ تۆمەتباریاندا دراوە و ٢٣٦ تۆمەتباری دیکەش سزای زیندانی هەمیشەیییان بەسەردا سەپێنراوە"، ئاماژەی بەوەش دا کە "وزارەتی ناوخۆ ١٧ ئۆپەراسیۆنی لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامداوە."
ڕوونیشیکردەوە کە "٢٨٩ تۆمەتبار بەهۆی ئەنجامدانی (لێدانی عەشایەری)، ١٠٢ تۆمەتبار بەهۆی ئەندامبوون لە ڕەوتە ئاینییە توندڕەوەکان و پڕوپاگەندەکردن بۆ حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، و ٥٠ تۆمەتباریش بە تاوانی قاچاخچێتیی شوێنەوار دەستگیرکراون."
باسی لەوەش کرد کە "هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی ٨٣ تۆمەتبار بە تاوانی سەرانەسەندن و ههڕهشهكردنی ئەلیکترۆنی ٢٥ تۆمەتبار بە تاوانی فێڵکردنی دارایی، لە پاڵ ٥٢ تۆمەتبار بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە."
لە کۆتاییدا وتی: "ژمارەی سزاکانی هاتوچۆ کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا تۆمارکراون، گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٦٣٨ هەزار سزای هاتوچۆ."

