بەغداد – INA

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی زیارەتە ملیۆنییەکان، فەریق یەکەم ڕوکن قەیس مه‌حەمەداوی ، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکانی تایبەت بە زیارەتی چله‌ بەپێی خشتە کاتییە دیاریکراوەکان کردەوە.

لیژنەی باڵای ئەمنیی زیارەتە ملیۆنییەکان لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی زیارەتە ملیۆنییەکان، فەریق یەکەم ڕوکن قەیس مه‌حەمەداوی ، بەردەوامە لە بەسەرکردنەوە مەیدانییە چڕەکانی بۆ ئاگاداربوون لەو ئامادەکارییانەی کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی زیارەتی چله‌ی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت) بەڕێوەدەچن؛ لەم چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ سێشەممە، دەروازەی سنووریی مۆنزریەی بەسەرکردەوە بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە کۆمەڵانی زیارەتکاران لە دەرەوەی وڵات، بە هاوڕێیەتی شاندێکی باڵا کە سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی زیارەتە ملیۆنییەکان و ژمارەیەک لە سەرکردە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی لەخۆگرتبوو."

ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "سەرۆکی لیژنەی باڵا لە پەراوێزی بەسەرکردنەوە مەیدانییەکەیدا، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لە ناو دەروازەکەدا بە ئامادەبوونی لایەنی ئێرانی سازکرد، کە تێیدا ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمەکانی هەماهەنگی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی ئاسانکاری و نەرمونیانی لە هاتوچۆی زیارەتکاراندا بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکانی عێراقدا بگونجێت."

ئاماژە بەوەش دراوە: "ڕێککەوتنەکە هەماهەنگی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆسیەکانی پشکنینی ورد، یەکخستنی بنکەدراوەکان (داتا) و زانیارییە ئەمنییەکان، دەستنیشانکردنی ئەو ژمارە ڕۆژانەیەی کە ڕێگەیان پێدەدرێت بێنە ژوورەوە گرتەوە، لەگەڵ بەهێزکردنی دەروازەکە بە کۆمپیوتەری زیادە بۆ خێراکردنی ڕاییکردنی ڕێکارەکان و ڕێگریکردن لە قەرەباڵغی."

هەروەها له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر کار و هەماهەنگی پسپۆڕییە هاوتاکان لە نێوان دەروازەکانی عێراق و ئێراندا کرایەوە، بەتایبەتی فەرمانگەکانی ڕەگەزنامە، نیشتەجێبوون، پاسپۆرت، هەواڵگری، و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە پاڵ لایەنە پسپۆڕەکانی دیکەدا بۆ دەستەبەرکردنی هاوکاریی خێرا و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییە یاساییەکان."

راگه‌یندراوه‌كه‌ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە: "لە ڕووی لۆجیستی و خزمەتگوزارییەوە، کۆبوونەوەکە باسی لە پلانی گشتگیری گواستنەوە کرد کە لە قۆناغی یەکەم و سەرەکیدا بە دابینکردن و ڕێکخستنی هاتوچۆی گواستنەوە لە نێوان دەروازە سنوورییەکاندا دەستپێدەکات، پاشان گواستنەوە بۆ قۆناغەکانی دواتر بۆ بەڕێکردنی زیارەتکاران بەرەو شارە پیرۆزەکان. هەروەها ڕێککەوتن لەسەر دابینکردن و ڕێکخستنی سەرجەم خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ حەوانەوەی سەردانیکەران، کە لە پێشەنگیاندا دڵنیابوونەوەیە لە جێگیریی تەزووی کارەبا بە بێ پچڕان بە درێژایی ماوەی هاتنی زیارەتکاران بۆ گەرەنتی بەردەوامیی کارە هونەری و تەکنیکییەکان لە دەروازەکەدا."

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌ ، مه‌حەمەداوی لە کۆتایی بەسەرکردنەوەکەدا جەختی کردەوە لەسەر "جێبەجێکردنی پلانەکان، هەر لایەنێک بەپێی پسپۆڕیی خۆی و بەپێی خشتە و کاتە دیاریکراوە پەسەندکراوەکان، لەگەڵ پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتەکانی وەرزەکانی ڕابردوو بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکان و چارەسەرکردنی دەستبەجێیان، و بەهێزکردنی خاڵە بەهێزەکان بۆ ئاسانکاریی ڕێکارەکانی هاتنی سەردانیکەران بۆ ناو وڵات."