بەغدا - INA

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەمی هێزی تایبەتی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، بەسەر دۆخی ئاوە هەرێمییەکاندا چووەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری ئامادەباشیی هێزی دەریایی بوو.

وەزارەتی بەرگری لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەمی هێزی تایبەتی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی هێزی دەریایی لە چوارچێوەی کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرەدا چووەتەوە، ئەمەش بە هاوڕێیەتی شاندێکی سەربازیی باڵا، و لە لایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە و فەرماندەی هێزی دەریاییەوە پێشوازیی لێکراوە".

ڕوونییشی کردەوە کە "یارەڵڵا گەشتێکی بەناو ئاوە هەرێمییەکاندا کردووە لەسەر پشتی کەشتییە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەییەکە، کە ئەرکەکانی پاڵپشتی، پشتیوانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی یەکە دەریاییەکان لەئەستۆ دەگرن، سەرەڕای دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ بەندەرە عێراقییەکان، ئەمەش بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەباشیی یەکەکان و جوڵەی دەورییەکان لە ئاوە هەرێمییەکان و کەناراوەکانی عێراقدا".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "سەرۆکی ئەرکانی سوپا گوێی لە کورتەیەکی ورد گرتووە لەسەر نەخشەکە سەبارەت بەو ئەرک و فەرمانانەی سپێردراون بە هێزی دەریایی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیان، هەروەها ئاگاداری وردەکارییەکانی ڕووداوەکەی ئەم دواییانە بووە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێک لە ڕاوچییە عێراقییەکان".

یارەڵڵا جەختی لەسەر گرنگیی تەواوکردنی ڕێوشوێنە فەرمییەکانی پەیوەست بە ڕووداوەکە لە ڕێگەی کەناڵە پەسەندکراوەکانەوە کردەوە، بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسا و ڕێککەوتننامە کارپێکراوەکاندا، هاوکات جەختیشی لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە پاراستنی ڕاوچییەکان و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەلامەتیی دەریاوانی لە ئاوە هەرێمییەکاندا، و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانەی کە لەسەر بنەمای ڕێزی یەکتری و هاوسێیەتییەکی باش دامەزراون.