سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 13ی مانگی حەوت ڕایگەیاند ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز دەکات.
دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس ئەند فرێندز وتی "ئێمە کۆنترۆڵی تەنگەکە دەکەین، ئەوان هیچیان نییە. هیچ شتێکتان نییە."
سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا تا ئێستا "بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک" پارێزگاری لە تەنگەکە لێکردووە، بەڵام لەمەودوا وڵاتە دەوڵەمەندەکان پارەی بۆ دەدەن.
وتیشی "ئێمە پارە وەردەگرین بۆ پاراستنی، پارەیەکی زۆر، بەڵام تەنها دەمانەوێت پارەکەمان بۆ بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەم کارە و خستنە مەترسی هێزەکانمان."
لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە ئەمەریکا و ئێران هێرشەکانیان دەستپێکردووەتەوە.
ترامپ لە چاوپێکەوتنەکەی ڕۆژی دووشەممە ڕەخنەی لە تاکتیکی دانوستانکارانی ئێران گرت کە هەوڵیان داوە ئەو مەرجانە بگۆڕن کە لە سەعاتەکانی کۆتایی دانوستانەکانی ئەم هەفتەیەدا لەسەریان ڕێککەوتوون.
وتی "ئێمە دەست بەسەر تەنگەکەدا دەگرین. ئەوان هیچیان نییە. هیچ شتێک." ئاماژەی بەوەشکرد دوێنێ کۆبوونەوەیەکی 11 کاتژمێرییان هەبوو و دوێنێ لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتن، بەڵام کاتێک ژوورەکەیان بەجێهێشتووە، پەیوەندییان پێوەکردەوە و گوتیانە دەبێت هەندێک گۆڕانکاری هەبێت" بەبێ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە کە ئەو گۆڕانکاریانە چین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند حکوومەت لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەر، پاکستان و عومان بۆ هەوڵدان بۆ ڕێگری کردن لە پەرەسەندنی شەڕ.
سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ڕایگەیاندووە تەنگەی هورموزی داخراوە، بەڵام ئەمەریکا پێداگری دەکات کە ئەو ڕێڕەوە ئاوییە کراوەیە بۆ هاتوچۆی دەریایی و لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا نییە.
