بەدواداچوون - INA

فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا، ئەوەی ڕەتکردەوە کە ناسنامەی ڕاهێنەرە نوێیەکەی هەڵبژاردەکەی وەک جێگرەوەی دیشامپ یەکلا کردبێتەوە، سەرەڕای بەستنەوەی ناوی زەینەدین زیدان بە وەرگرتنی ئەو ئەركە لە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026.

دیالۆ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "لیکیپ"ی فەڕەنسی ڕایگەیاند: "ڕاگەیاندنی جێگرەوەی دیشامپ لە دوای کۆتاییهاتنی ڕێڕەوی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا دەبێت"، جەختیشی کردەوە کە یەکێتییەکە نایەوێت لەم قۆناغەی ئێستادا پەلە بکات، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامبوونی فەڕەنسا لە کێبڕکێکردن لەسەر ناسناوەکە.

پێشتر سەرۆکی یەکێتیی فەڕەنسا دەنگۆ و مشتومڕی نابووەوە کاتێک گوتبووی کە لە ئێستاوە ناوی ڕاهێنەرە داهاتووەکە دەزانێت، ئەمەش دەرگای بەڕووی پێشبینییەکاندا کردەوە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی زیدان لە سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەکە، بەڵام ڕوونی کردەوە کە لێدوانەکانی بە هەڵە لێکدراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "من ناوی هیچ کەسێکم نەهێناوە، پەیوەندییشم لەگەڵ دیشامپ زۆر باشە. بەرپرسیارێتیی من پلاندانانە بۆ داهاتوو، بەڵام پێویستە ڕێز لەوانە بگرین کە ئێستا کار دەکەن".

سەرۆکی یەکێتییەکە جەختی کردەوە کە ڕۆشتنی دیشامپ بڕیارێکی کەسیی خودی ڕاهێنەرەکە بووە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گونجاو بوو ئەگەر پێشوەختە ئارەزووی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشی لەگەڵ هەڵبژاردەکە لە دوای مۆندیال ڕانەگەیاندبایە.

دیشامپ لە ئێستادا دواین بەشەکانی قۆناغە مێژووییەکەی لەگەڵ فەڕەنسا بەڕێ دەکات، دوای ئەوەی سەرکردایەتیی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی جامی جیهانیی 2018 و گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022، سەرەڕای بردنەوەی خولی نەتەوەکانی ئەورووپای 2021، پێش ئەوەی لە ئێستادا "کەڵەشێرەکان" بگەیەنێتە قۆناغی پێش-کۆتایی جامی جیهانیی 2026.

سەبارەت بە زیدان، ئەو وەک بەهێزترین بەربژێر بۆ جێگرتنەوەی دەمێنێتەوە، بەتایبەت دوای دوورکەوتنەوەی لە کاری ڕاهێنەرایەتی لەو کاتەوەی لە ساڵی 2021دا ڕیاڵ مەدریدی جێهێشت، ئەمەش دوای قۆناغێکی زێڕین کە تێیدا سێ ناسناوی یەکبەدوایەکی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەدەستهێنا.