وەزارەتی بەرگری کوەیت ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند سێ بنکەی سنووری و سەکۆیەکی نەوتی دەریایی لە وڵاتەکەی کراونەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری کوەیت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لە هێرشێکی ترسنۆکانەدا سێ بنکەی سنووری وشکانی لە باکووری وڵات کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەبێ ئەوەی هۆکاری هێرشەکە دیاریبکرێت، ئاماژە بەوەکراوە "سەکۆیەکی دەریایی سەر بە کۆمپانیای نەوتی کوێتیش لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و یەکێک لە کارمەندەکانیش بریندار بووە."
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە هێرشیان کردووە سەر چەندین ئامانج لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوان کوێت.
خولی نوێی پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر تەنگەی هورمز لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە.



