بەشێک لە سەرکردە و بەرپرسانی حکومی و حزبی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا نیگەرانی و هاوخەمی خۆیان دەربڕی بۆ کۆچی دوایی سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام، هاوپەیمانی نزیکی سەرۆک دۆناڵد ترامپ و دۆستی کورد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرەخۆشی بۆ کۆچی سیناتۆر لینزی لە پێگەکەی لەسەر ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "زۆر غەمگینم بە کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهام، دۆستی ئازیزی گەلی کوردستان. داکۆکی و پشتیوانییە نەگۆڕەکەی لە کوردستان هەمیشە جێی ڕێز و پێزانینمان دەبێت. سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی هاوڕێی و هاوکارانی دەکەم."
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەویش سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند و نووسیویەتی،"بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهامم پێگەیشت. سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی و دۆستانی و ڕێبەرایەتی ئەنجومەنی سینات و ئەندامانی ئەنجومەنی سینات دەکەم. گەلی کوردستان هەمیشە دۆستایەتی و پاڵپشتی بەردەوامی گراهام لە یاد ناکەن."
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نیگەرانی و دڵتەنگی خۆی بۆ کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهام دەربڕی و نوسیویەتی" دڵگرانین بە کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهام، دۆستی ڕاستەقینەی گەلی کورد."
هەروەها نوسیویەتی" گەلی کورد هەرگیز دۆستەکانی لە بیر ناچنەوە، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی گراهام دەکەینەوە بۆ پشتیوانی بێوچانی لە دۆزی کورد." لە ناخەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەکەی و گەلی ئەمەریکا دەکەین. ڕۆحی شاد بێت."
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی گراهام دەربڕی و لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نوسیویەتی: "لە ناخەوە بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهام نیگەران بووم، خزمەتە بەرفراوانەکەی و پشتیوانییە ماندوونەناسەکانی بۆ کورد و پشتیوانی بێوچانی بۆ سوریایەکی ئاشتیانە و دادپەروەرانە دەچێتە مێژووەوە." پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و هاوڕێ و خۆشەویستانی دەکەم."
بێجگە لە بەرپرسە حکومییەکان، بەرپرسە حزبیەکانیش نیگەرانی خۆیان بۆ کۆچی دوایی ئەو سیناتۆرە کۆمارییە دەربڕی.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پێگەی خۆی لە ئێکس بەو بۆنەیەوە دەنوسێت" زۆر بە داخەوە هەواڵی كۆچی دوایيی دۆستی گەلی كورد سێناتۆر (لینزی گراهام)ـم پێ گەیشت. ناو و هەڵوێستەكانی لیندسی گراهام وەک پشتیوانێكی وەفاداری مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەمیشە لە بیرەوەریی خەڵكی كوردستاندا بە بەرزی دەمێننەوە. پرسە و سەرەخۆشیم پێشكهش به خانەوادەى بەڕێزيان و تەواوی دۆست و ئاشنایانی دەكەم و هاوبەشی خەمیانم. ڕۆحی شاد بێت و هیوای ئارامی بۆ خانەوادە و كەسوكاری دهخوازم."
هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند "پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ دروستکردنی پەیکەری سیناتۆر لینزی گراهام لە شاری هەولێر. "
سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام هاوپەیمانی نزیکی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و دۆست و دڵسۆزی کورد، لە دوای "نەخۆشییەکی کورت و لەناکاو" ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

