ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردووەتەوە کە سوپای ئەمەریکا چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر چەندین هێرشیان بۆ سەر سیستەمی بەرگری مووشەکی و ئاسمانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام داوە.

باراک ڕاڤید پەیامنێری ئەکسیۆس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکایی نووسیویەتی "هێزەکانی ئەمەریکا هەروەها بەلەمە خێراکانی سوپای پاسدارانیشیان لە چەند خاڵێک لە دەوروبەری تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج."

هاوکات هەواڵە نێوخۆییەکانی ئێران باس لەوە دەکەن دەنگی تەقینەوە لە بەندەر عەباس و دوورگەی قشم بیستراون و پارێزگاری قشم-یش هێرشەکەی بۆ سەر دوورگەکە پشتڕاستکردووەتەوە و بە ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە 10 بۆ 11 موشەک بەر دوورگەی قشم کەوتووە و هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان بوون و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو 140 ئامانجی سەربازیی لە ئێران پێکاوە. هاوکات ئێرانیش بە هێرشکردنە سەر چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆڵەی ئەم هێرشانەی کردووەتەوە.

خولی نوێی پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر چەند کەشتییەک دەستیپێکرد. سەرۆکی ئەمەریکا کاتژمێرێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە سوپای وڵاتەکە شەوی ڕابردوو زەربەیەکی زۆر قورسی لە ئێران داوە.