دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا سیناتۆر ڵینزی گراهامی بە نیشتمانپەروەرێکی ئەمەریکایی ناودێر کرد و سەرکردەکانی ئیسرائیلیش ستایشی دۆستایەتی گراهامیان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرد.
سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ، سیناتۆر ڵینزی گراهامی بە "یەکێک لە مەزنترین کەس و سیناتۆرەکان" ناودێر کرد کە تا ئێستا ناسیبێتی. ترامپ نووسیویەتی ئەو هەمیشە بە ڕژد کاری دەکرد و نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینەی ئەمەریکایی بوو.
سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی " کۆچی لینزی لەدەستدانێکی گەورەیە! دواتر وردەکارییەکان و مەراسیمی بە خاکسپاردنەکەی ڕادەگەیەنرێت، ئای کە هەواڵێکی غەمگینە!"
هەروەها مردنی سیناتۆری کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلینای باشوورەوە شەپۆلێکی سەرەخۆشی لەلایەن سەرکردەکانی ئیسرائیلەوە لێکەوتەوە کە ستایشی پشتگیرییە درێژخایەنەکەی گراهامیان بۆ ئیسرائیل کرد.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی "گراهام دۆستێکی ئازیز و دۆستێکی گەورەی ئیسرائیل و نیشتمانپەروەرێکی گەورەی ئەمەریکایی و نموونەی سەرکردەیەکی ئەخلاقی و ڕێنماییکەری ڕاستەقینە بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەی کە دۆستی ئیسرائیل بوون."
هێرزۆگ وتیشی "هەرگیز لەبیرمان ناچێت کە چۆن لە سەختترین ساتەکاندا لە تەنیشت گەلی ئیسرائیل وەستابووی و هەمیشە هەڵگری پەیامی دادپەروەری و ڕاستی و متمانە بووی."
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش نووسیویەتی گراهام ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ بەرگریکردن لە ئەمەریکا و پتەوکردنی پەیوەندی هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئەمەریکا و پشتیوانیکردن لە جیهانی ئازاد.
وتیشی "ئیسرائیل یەکێک لە گەورەترین هاوڕێکانی لەدەستداوە، ئەمەریکا نیشتمانپەروەرێکی گەورەی لەدەستداوە، منیش هاوڕێیەکی ئازیزم لەدەستداوە."
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش نووسیویەتی "سیناتۆر گراهام بەدرێژایی ساڵان لە پاڵ ئیسرائیل وەستابوو، بەتایبەتی لە سەختترین ساتەکاندا، ئەو بە بێ سازشکارانە کاری کردووە بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا و دەنگێکی نەگۆڕ بوو بۆ پشتگیریکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل و مافی بەرگریکردن لە خۆی."
هەروەها گیدعون سەعار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش نووسیویەتی "سیناتۆر گراهام یەکێک بوو لە گەورەترین دۆستەکانی ئیسرائیل و گەلی جوو لە ئەمەریکا و لە سەرانسەری جیهان، ڵینزی کەسێکی میهرەبان و زۆر بەخشندە بوو، تێڕوانینێکی ڕوونی هەبوو بۆ واقیع و پابەندبوونی دڵسۆزانە بە بەهاکانەوە."
هەروەها یایر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ستایشی گراهامی کرد و ستایشی سیفەتەکانی کرد کە بریتین لە "ئەخلاقی نەگۆڕ، پابەندبوونی قووڵ بە گەلی ئیسرائیل و دیدگایەکی ڕوون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئەمن و ئارام."



