بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، و فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود،هاوتا سعودییەکەی، جەختیان لە گرنگیی پشتیوانییکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە نیشتمانییەکانی کردەوە، هاوکات جەختیان لە گرنگیی ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان، پابەندبوون بە بنەماکانی دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: "فوئاد حوسێن"وەزیری دەرەوە،لە میانەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ شانشینی سعودیە، بە ئامادەبوونی قاسم عەبودى ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی،و حەمید شەتری ،سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی لەگەڵ ،فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعودیە کۆبووەوە.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : وەزیری دەرەوەی سعودیە بەخێرهاتنی وەزیر و شاندی یاوەری کرد و جەختیشی لە بەهێزی پەیوەندییە مێژوویی و برایەتییەکانی نێوان کۆماری عێراق و شانشینی سعودیە کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە ویستی سەرکردایەتیی شانشینەکە کرد بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی هاریکاریی دوولایەنە لە بوارە جیاوازەکاندا بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و گەلی برا بپارێزێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : فوئاد حوسێن،سڵاو و ڕێزی، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و حکوومەتی نوێی عێراقی گەیاندە سەرکردایەتیی شانشینی سعودیە، هەروەها سوپاسی خۆی بۆ میوانداریی گەرم و بەخێرهاتن دەربڕی و بەهای دا بەو بانگهێشتنامە بەڕێزە و ئەو گفتوگۆ ڕاشکاوانە و بونیادنەرەی کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هاوبەشە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوولایەنەکان بۆ ئاسۆیەکی فراوانتر.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختیکردەوە کە ئاسایشی عێراق بەشێکی سەرەکییە لە ئاسایشی ناوچەکە و پێداگری کرد لەسەر گرنگیی پاراستنی پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگریکردن لە هەر شتێک کە زیان بەو پەیوەندییانە بگەیەنێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە ئاسایش و سەقامگیری دەکەنە ئامانج، هەروەک جەختیشی کردەوە لەسەر ویستی شانشینەکە بۆ بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ عێراق بەجۆرێک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.
لەدرێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە : فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە ڕوونیکردۆتەوە کە عێراق سورە لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و ناوازە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، لەنێویاندا شانشینی سعودیە،هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد کە لێکەوتەکانی شەڕی کۆتایی سێبەری خۆی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە و کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی ئەو پەیوەندییانە هەبووە، و عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی لە دەرەنجامە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بەرکەوتووە، لەوانەش هەوڵەکانی تێکدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست.
ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو : کە فوئاد حوسێن گرنگترین دۆسیە لەپێشینەکانی لە ڕێڕەوی پەیوەندییە دوولایەنەکاندا خستەڕوو، لە سەرووی هەموویانەوە بەهێزکردنی هاریکاریی ئابووری و وەبەرهێنان،و پەرەپێدانی شەراکەت لە کەرتی وزە،و لەگەڵ گرنگیی چڕکردنەوەی هەماهەنگیی سیاسی و ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات، بەجۆرێک کە بەشداری بکات لە چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەیی و ڕەخساندنی دۆخی گونجاو بۆ بەهێزکردنی ئەو هاریکارییەی کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە دەکات.
لە لای خۆیەوە ،فەیسەڵ بن فەرحان، جەختیکردەوە کە شانشینی سعودیە پشتیوانیی حکوومەتی نوێی عێراق دەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای ویستی شانشینەکە بۆ بەهێزکردنی شەراکەتی دوولایەنە و چەسپاندنی هاریکاری بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و گەلی برای دابین بکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : کە لە کۆبوونەوەکەدا، بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش دەرکرا کە تێیدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە، هەروەها بەردەوامبوون لە ڕاوێژ و هەماهەنگی لەسەر پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کە جێگەی بایەخی هاوبەشن.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و پابەندبوون بە بنەماکانی دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی هەر دەوڵەتێک یان ئاسمانی بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیریی دەوڵەتانی دیکە کردەوە، لە بەرامبەردا عێراق پابەندبوونی خۆی نوێکردەوە بە ڕێگە نەدان بە بەکارهێنانی خاکەکەی یان ئاسمانەکەی وەک دەسپێکێک بۆ هەر کار یان هێرشێک کە شانشینی سعودیە یان وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو یان هەر وڵاتێکی ناوچەکە بکاتە ئامانج، هاوکات جەختیشیان لە گرنگیی پشتیوانییکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە نیشتمانییەکانی کردەوە، بەجۆرێک کە بەشداری بکات لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.



